لیژنه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بۆ تاوتوێكردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا كۆبووه‌وه‌

عێراق
18:22 - 2025-07-09


بە سەرۆکایەتی جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان، کۆبوونەوەی وەزاری بۆ تاوتوێکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا.
 
ئه‌مڕۆ 9ی ته‌موزی 2025 وه‌زاره‌تی پلاندانانی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌كردووه‌ كه‌:" د.محەمەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیری پلاندانان، سەرپەرشتی یەکەم کۆبوونەوەی لیژنەی وەزاری کرد کە له‌ كۆبونه‌وه‌ی دوێنێ سێشەممەی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بڕیاری له‌سه‌ردرا، به‌ مه‌به‌ستی بەدواداچوون بۆ کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان."

باسی له‌وه‌شكردووه‌:" له‌ کۆبوونەوەكه‌دا، كه‌ د.نعیم العبودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی؛ به‌نگین رێکانی، وەزیری نیشتەجێکردن و ئاوەدانکردنەوە، د.ساڵح الحسناوی، وەزیری تەندروستیی، د.خالد بەتال نه‌جم، وەزیری پیشەسازیی و کانزاکان و د.خالد شوانی وەزیری داد تێیدا به‌شداربوون، هه‌ردوو پرۆژه‌ی پێشنیاركراوی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فێدراڵی تاوتوێكران كه‌ چه‌ندین ته‌وه‌ری گرنگی له‌خۆگرتبوو كه‌ دیارترینیان پرسی هەناردەکردنی نەوت و میکانیزمی رێکخستنی، بڕی بەکارهێنانی ناوخۆیی بەرهەمە نەوتییەکان، راده‌ستكردنی پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتە نا نەوتییەکانی هەرێم، هەروەها گفتوگۆکردن له‌باره‌ی  ته‌وتینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بوو."

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئه‌وه‌ش هاتووه‌:" لیژنەکە جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی تەکنیکی و کارگێڕی لەسەر ئەو پرسانە کردەوە بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەری خێرا و دادپەروەرانە و واقیعی کە مافەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکات، هاوتای هاوکارەکانیان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکگرتووی دارایی دەوڵەتدا."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP