جان دەمۆ شاعیرە ئاشورییە شێواوەكەی كەركوك

کلتور
18:34 - 2022-07-01

جان دەمۆ یەكێك لەئەستێرە گەشەكانی شەستەكانی سەدەی رابردووی نێو ئەدەبیاتی كەركوكە، دەمۆ لە كەركوكی فرەنەتەوە و پێكهاتە هاتۆتە دنیاوە ،دروست لە ساڵی ١٩٤٢لە خێزانێكی هەژار نشینی كەركوكی و لە بنەماڵیەكی ئاشوورییەكان چاوی بە ژیان هەڵهێناوە.
جان دەمۆ دەیوست بە هێمنی و دوور لە جەنجاڵیەكانی ئەو سەردەمە بە دەروونێكی توڕەوە شیعرێكی ئاگرین پەخشبكات، ئەو شاعیرە ئاشوورییە كەركوكییە، لە هاوڕێ شاعیرەكانی پێش سەردەم خۆی نەدەچوو، لە كۆڕی یاران و گفتوگۆی ئەدیبان و فێستیڤاڵ و ئاهەنگی ئەدیبان بەشدار نەدەبوو، بەسیماو رووخسارێكی شێواوەو  مەست و حەیرانەوە، دەقێكی لێوان لێو لە جوانی و بەهرەداری بڵاودەكردەوە، ئەو خۆی دوورەپەرێز دەخست، بەڵام دەقەكانی لە بری خۆی دەهاتنە ئاخاوتن و ناوەڕۆكی جوانی سیحرە ئەفسوناویەكەیان دەردەخست.
جان دەمۆ، لە شەستەكانی سەدەی رابردوو، هاوڕێ لەگەڵ جەلیل قەیسی، سەرگۆن پۆڵس، موئەیەد راوی، فازڵ عەزاوی، یوسف حەیدەری و سەڵاح فایەق، لە گروپی كەركوك، كە بە جامەعەتی كەركوك ناسرابوون. 

شاعیرە سوریالیزمیەكە، (یوخەنا دەمۆ یوسف)ناوی تەواوی جان دەمۆیە كە نازناوی (جان)ـیش وەك ژیانە پڕ لە كۆدو مەستییەكانی، بە سەرخۆشی دێتە دنیاوەو كاتێك سەرخۆش دەبێت بڕیاردەدات نازناوی (جان ) بۆخۆی هەڵبژێرت تا دواتر بە جان دەمۆ ناسرا.
جان تاكو ٨ی ئایاری ٢٠٠٣ كە بۆ ئەبەد ماڵئاوای كرد، وەك هونەرمەندی كورد حەسەن زیرەك دەیوت:

جێم نییە تیا بسرەوم‌ خاكم وەسەر بێ لانە خۆم‌
بێ كەس‌ و بێ یارو هاودەم بێ مەی‌ و مەیخانە خۆم‌

درووست ئەم دێڕە بۆ جان دەمۆی شاعیر دەگونجێت، ئەو لە شۆستەو شەقامەكانی كەركوك و بەغدادو لوبنان و عەمان و ئوستورالیا،دەژیا، هاودەم و هاوڕێی ئەو تەنها مەی بوو، سەرخۆشانەو بێباكانە لە  شەقامەكان دەسوڕایەوە، وەك ئەوەی بیەوێت بە نەست (لاشعور)، ناسۆرو خەمی ژیان بكاتە دەقێك، جان ئەوەشیكرد، لە رێگای ژیانە سەیرو دەقەكانییەوە بووە مێژوویەكی جوانی ناوازەی ئەدەبی بەتایبەت دەقی شیعری بۆ كەركوك عێراق لە چارەگی كۆتای سەدەی رابردوو.
ئەو تاكو كۆچی دواییشیكرد جێگایەك بۆ حەوانەو پشوودانی نەبوو، كۆنەو پۆشاكە بێكەڵك و فڕێدراوەكانی خەڵكی دەپۆشی، ئەو شاعیرە كەركوكییە، شوێن و ماڵ بۆ ئەو هیچ گرنگییەكی نەبوو، دەیوسیت لە رێگای ژیانە سەیرو دەقە ئەدەبیەكانیەوە ئەم ژیانە رەتبكاتەوە وەك لە دەقێكدا دەڵێت: 

چی بۆ مناڵەكانمان جێدەهێڵین؟ لە چەرخی ئایندەدا چییان بۆ جێدەهێڵین؟ ژەهری گەرمیان بۆ جێدەهێڵین؟ مردنێكی ئامادەیان بۆ جێدەهێڵین؟ تەرمیان بۆ جێدەهێڵین؟
ئەم دەقە لە باڕی خەرمانی بەغدادی پایتەخت لە ساڵی 1993، نوسیویەتی و نووسەر ئازاد ئەحمەد ئەسوەد كردویەتی بە كوردی.
جان دەمۆ كە هاوڕێكانی جەماعەتی كەركوك، لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو روودەكەنە ئەوروپاو ئەمریكا، بەڵام لە هیچ شوێنك ئارام ناگرێت و دوای چونی بۆ بەغداد روو لە بەیروت دەكات، بەڵام بەهۆی ئەو ژیانە تایبەتە شێواوەیەوەو بەبیانوی زۆری میزكردن بە سەر شەقامەكاندا بەیروتیش لە خۆی ناگرێت و لە ساڵی ١٩٧٥ دەیگەڕێنێتەوە بۆ عێراق  و دواتریش دەچێتە عەمان و لەوێشەوە بۆ ئوستورالیاو تاكۆچی دوایش دەكات لەوێ دەمینێتەوە.
رەتكردنەوەی و لە خۆ نەگرتنی جان دەمۆ بەشێوەیەك بووە كە لە فێستیڤاڵی (مربد) و (بابل) كە لە ناوەڕاستی هەشتاكانی سەدەی رابردوو لە شاری بەغداد، بەبەشداری نوسەران و رۆشنبیرانی عێراق وڵاتانی عەرەبی لە هۆتێلە بەناوبانگ و باڵەخانە سەردەمیەكانی ئەو كات بەڕێوەدەچوو، بەڕێوەبەرانی فێستیڤاڵ و حكومەت ڕێگایان بە جان دەمۆ نەدەدا بچێتە هۆڵەكانیانەوە، بە بیانووی ئەوەی ڕوخساری جان دەمۆو جلە شێواوەكەی و رێكردنی، رێك نییەو ناگونجێت بۆ ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە. 

لە سەردەمی بەعس بەهۆی ستەمە زۆرو دیكتاتۆرییەكەوە ژیانیكردن قورس بوو، بەڵام بۆ شاعیران و نوسەران چەند هێندەی هاوڵاتیەكی ئاسایی قورستر بوو، بەڵام جان دەمۆ بەرەنگاری ئەو ستەمانە دەبوەو سیستەمەكیانی رەتدەكردەوە، بەشێوەیەك ئەگەر بەڕێكردنی شەوو رۆژكردنەوەی بەمەستی لە نێو كەلاوەو سەرشەقامەكان نەكردبایەتەوە ئەوە بێشك لە نێو بەندینخانەی بەعس بوو، تا دواجارو بۆ ئەبەد هاوشێوەی هاوڕێكانی وڵات جێدەهێڵت و لە تاراوگە ئەو بەشەی ژیانی بەسەر دەبات.
جان هێندە لە ژیانێكی شێواوو دوور لە ژیانی ئەو سەردەمە ژیاوە بەشێوەیەك لە دوای ماوەیەك لە نوسینان دەقە ئەدەبیەكانی خۆی نەناسیوەتەوە، (أسمال) (شڕوشیتاڵی شاهان)، ناوی ئەو كۆمەڵە شیعرەی جان دەمۆیە كە لە ساڵی ١٩٩٣دا خانەی (الامد) بڵاویكردۆەتەوەو مامۆستا عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی لە ساڵی ١٩٩٤ وەریگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی و  ساڵی ٢٠٠٤ لەلایەن بنكەی ئەدەبی و ڕوناكبیری گەلاوێژ بڵاوكراوەتەوە، ئەو بەرهەمانەی جانی لەخۆگرتوە كە نەفەوتاون و لەلایەن هاوڕێیانی بۆی كۆكراونەتەوەو لەچاپ دراون، بەڵام ئەسەف لەدوای ئەوەی دەیخەنە بەردەستی جان شیعرەكانی ناناسێتەوە.
جان ژیانی شیعری و ژیانی ئاسایی ئاوێتەی یەكتر كردبوو كە بەشێوەیەك لێك جوودا ناكرانەوەو باجی ژیان و شاعیر بوونیشی بە ئاوارەیی  و دەردە سەری نێو كۆڵان و شەقامەكانی كەركوك و بەغداد و بەیروت و دواتریش عومان و ئوسترالیا دا.

ئاماده‌كردنى / رەوان تاڵب

 


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP