دوو کورتە چیرۆک _ پەیکەری بەردەم تابلۆکە - گوڵی ژاکاو

کلتور
14:37 - 2022-12-06

دوو کورتە چیرۆک
‎کاروان عوسمان شوانی
پەیکەری بەردەم تابلۆکە 

‎لە کۆڵانێکی تەنگەبەردا ڕێمدەکرد، دەرگا و نیگاری سەر دیوارەکان دەیانبردمەوە بۆ نزیک سەدەیەک لەمەوبەر، ڕۆچووبوومە ناو هونەرکاریی سەر بیناکان،چەند ئینجانەیەکی پڕ لە گوڵ سەرنجمیان گواستەوە سەر ئەمبەر و ئەوبەری دەرگایەکی بچوک، لە جوانی گوڵ و ئینجانەکان ڕامابووم،جیڕەی دەرگا دارەکە نیگای خستمە ناو چوارچێوەی دەرگاکەوە، بە شێنەیی دەرگاکە دەکرایەوە و وەک شنەبای  گوێی چەمێکی دەمەوبەیان نەسیم ڕژایە کۆڵانەکەوە، پڕ بەسییەکانم ئەو بۆنە خۆشەم هەڵدەمژی.
‎بەژن پەرییەک،  بوو بە تابلۆ و دەرگاکەش بوو بە چوارچێوەی، ئیدی وەک بینەرێکی تامەزرۆ دەیان خوێندنەوەی جۆراوجۆرم بۆ ئەو نیگارە پڕ لە ڕەنگە کرد.
‎من ببووم بە پەیکەر و ئەویش بە تابلۆ.
‎ لە جێی خۆم وەک ئەوەی مۆمیاکرابم، ڕەق ڕاوەستابووم، لە تەماشا بەولاوە جوڵەیەکم تیا نەمابوو.
‎ئەویش دەستی بە گۆزەکەوە ڕەق ببوو و
‎ کچێکی کاڵی پێگەیشتوو، پرچەکانی تەڕبوون و دڵۆپ دڵۆپ ئاویان لێدەتکایەوە،چاوی گەش و  سەوز، وەک بەهارێکی باراناوی، گۆزەیەکی پڕ لە ئاوی پێبوو، گوڵەکانی ئاودەدا، لە چاوەقاوەییەکانی منەوە تا چاوەسەوزەکانی ئەو تیشک دەڕۆیشت، لەویشەوە تا من تیشک دەگەڕایەوە قژێکی زەرد و چاوی کاڵ، دەستوپلێکی ناسک و سپی، کراسێکی گوڵگوڵی شینی ئاسمانی،
‎هەندێک گوڵی ڕەنگاوڕەنگ لەبەردەمی دا و دەرگا و چوارچێوەیەکی داری سنەوبەر.
‎دوای تاوێک تەماشا، ئەو لە چوارچێوەکەی خۆی هاتە دەرەوە و پرسیی:
‎تێر نەبووی لە تەماشای ئەم تابلۆیە.
‎منی پەیکەریش ڕوح هاتەوە گیانم و وتم:
‎تێر نابم لە تەماشا..
‎هەرچی جوانی و ئەوین هەیە،
‎بە ڕۆح و لەشی زیوینتا وا هەڵشاخا.


‎گوڵی ژاکاو

‎کە بە ئەسانسۆرەکەدا سەردەکەوتم بۆ ئەو نهۆمەی قاوەخانەکەی لێبوو، هەستم بە بۆنی تووڕەیی دەکرد، چونکە چەند جێ پەنجەیەکی ڕق بە سەر دووگمەی ئەسانسۆرەکەوە جێهێڵرابوو.
‎لە قاوەخانەکە چومە سەرکورسیی تەنیشت پەنجەرەیەکی گەورە، نزیک بە هەموو شارم لێوە دیار بوو، کەشێکی نائاسایی هەبوو.
‎دەفتەری یاداشتەکانم دەرکرد چەند دێڕێکم نووسی:
‎» ئێمە کە تەنیا دەبین، ئارەزووی پێکەوەبوون دەکەین، کاتێکیش پێکەوەین ئارەزووی تەنهایی دەکەین.
‎ئێمە نەبێ یەکتر هەڵدەکەین و نە لەگەڵ یەکتریش هەڵدەکەین.
‎ئێمە لە جیهانێکداین ئەگەر شەڕی گەورەی تیانەبێت ئارەزووی شەڕە بچووکەکان دەکەین لەگەڵ یەکتردا، هەموو شەڕە گەورەکانیش کۆنە قینن و لە شەڕی بچوکەوە سەرچاوەیان گرتووە»
‎هێشتا دەفتەرەکەم دانەخستبوو،گارسۆنێک گەیشتە لام و بەخێرهاتنی کردم، بەڵام فەرمووی هیچ خواردنەوەیەکی لێنەکردم، دەستی کرد بە پاککردنەوەی سەرمێزەکە، کوپێکی شکاو، گوڵێکی ژاکاو و پەڕەپەڕەبوو لەسەر مێزەکە جێهێڵرابوو، هەموویانی کۆکردەوە و داوای لێبووردنی لێکردم لەوەی بەسەر مێزێکی وێرانەدا هاتووم.
‎گارسۆن: مامۆستا گیان، ئەمرکە،  ئارەزووی چی خواردنەوەیەک دەکەیت؟
‎من: بەرلەوەی هیچ شتێک بخۆمەوە، ئارەزووی ئەوە دەکەم ئەم گوڵە بۆ وا ژاکاوە و ئەو ئیستیکانە بۆ شکاوە؟
‎گارسۆن: ساڵێک بوو ئەم دوو کورسی و مێزە جێژوانی دوو ئەویندار بوون.
‎دەیان گوڵی گەشیان لەسەر ئەم مێزە گۆڕییەوە.
‎ئەو گوڵە ژاکاوەی ئەمڕۆ دوایین گوڵی ئەو دوو عاشقەبوو، هەردووکیان توڕە و پەست بوون لە یەکتر، چونکە عەشقیان بەرەو سیسبوونەوە دەچوو، لەکاتی پێگەیشتنی عەشقیاندا نەیانتوانی عەشقەکەیان بچنن، تا کات هەردووکیانی بەرەو سییبوونەوە دەبرد، ئیتر ئارەزوویەکیان بۆ یەکتر نەمابوو، ئەمڕۆ لە بری گۆڕینەوەی گوڵ، گوڵەکانیان خستە ژێر پێوە.
‎تەنانەت گوڵەکانیان کێشابوو بە ناوچەوانی یەکتردا، ئیشی گوڵ ڕازاندنەوەی ژیان و بڵاوکردنەوەی بۆنی خۆشە، کەچی هەندێکجار  مرۆڤ وەک کەرەستەیەکی جەنگی بەکاری دێنێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP