ستران عەبدوڵلا : پێمان ناخۆشە برادەرانی پارتی وا تەنگەتاو بوون

کوردستان
23:06 - 2022-12-06

ستران عەبدوڵلا لێپرسراوی مەکتەبی راگەیاندنی یەکێتی لە سەکۆی راگەیاندنی حزبەکەیەوە ئاماژەی بەوە کرد (باوی ئەو خەیاڵپڵاوییە نەماوە كە باسی تاقم و دەستە لەناو یەكێتی بكرێت. یەكێتی ئێستا یەك دەستە و یەك ئاراستەیە بە سەرۆكایەتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی بۆ هەنگاونان بەرەو چارەسەکردنی تەنگژەی سیاسیی کوردستان و چاککردنی گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵک و نەهێشتنی جیاکاری نێوان شارەکان) وتیشی (ئێمە  هیوامانە پارتی دوای كۆنگرەی چواردەیەم بەشی ئەوە ئاراستەكانی یەكخستبێت كە دەرفەتی هەڵدانەوەی لاپەڕەی تازەی تیابێت لەگەڵ لایەنەكان وەکو خۆشیان هەستیان پێکردووە، ئێمە پێمان ناخۆشە برادەرانی  پارتی وا تەنگەتاو بوون كە بەراورد لەنێوان دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكومەت بكەن لە كابینەی نۆ و كابینەكانی پێشتردا ، لە کاتێکدا کە سەرۆكایەتی حكومەت ئەوسا و ئێستاش هەر لە حزبەكەی ئەوان بوو. ئێمە ئەم بەراوردە هەستیارە ناكەین و کارمان پێی نییە،  بەڵام دەزانین سەرۆكی حكومەتی ئێستا سیاسەتە هەژموون و فراوانخوازییەکەی وا پەرەی سەندووە هیچ مانایەكی بۆ هاوبەشێتی و بەشداری كارای حكومڕانی بۆ لایەنەکان نەهێشتۆتەوە بە جۆرێک تەنانەت گۆڕانكاری وەزاری لە پشكی یەكێتیش پەك دەخات) 
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی ئاماژەی بەوەش کرد (جێگری سەرۆکی حکومەت هەڤاڵ قوباد تاڵەبانی  کێشەی سەلاحیاتی لا ئەوەلەویەت نییە، ئەگەرچی حکومەتی ئیئتلافی کارا دەبێ دەستی بەشداری لە کۆشش و خزمەتکردن بۆ هاوبەشەکەی واڵابکات ، راستێکەی خەم و ئەولەویەتی جێگری سەرۆکی حکومەت عەدالەت و چوون یەکی خزمەتە لەسەرتاسەری کوردستان بە سلێمانی و گەرمیانیشەوە) 
ڵێپرسراوی راگەیاندنی یەکێتی  پێچەوانەی خیتابی چەواشەکاری هەندێک لە لێپرسراوانی پارتی پێی وایە (هەموو هەوڵی ئەمرۆی یەكێتی بۆ ئەوەیە سامانی غاز بە دەردی دۆسێی نەوت نەبرێت ، نەك پشك و پشككاری. چونکە بەداخەوە  قسەی ئەو لێپرسراوانە لەسەر كەیسی نەوت و غاز وەك قسەیانە لەسەر كەیسی ئەمنی و گوایە یاساسەروەری ، هەردووكیان جێی باوەڕی نەك جەماوەر ، بەڵكو جێی باوەڕی كادیرانی پارتیش نین)چونكە (هەموو لایەك دەزانن  ئەوە یەكێتی بوو بۆ نیازباشی لە حكومەت بە گۆڕانكاری لە ئەنجومەنی باڵای ئابووری رازی بوو. بەداخەوە  پارتی لە كەیسی ئەمنی لە خۆی بەشكە،  بۆیە  ئەم بابەتەی لێ بۆتە فۆبیا و سیناریۆ بۆلیۆدییەکەی پێ پەردەپۆش ناكرێت. ئەگەرنا هەموو جەماوەر دەزانێت لەودیو دێگەڵە چەند شتی گوماناوی دەكرێت . لەوێ لادرەكانی یاسا و سیاسەت هێز و فەوجیان بۆ دەكرێتەوە). 
ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی دەڵێ (لای یەكێتی نیشتمانی کوردستان  سلێمانی و هەولێر و دهۆك و گەرمیان جوگرافیای یەك نیشتمانن،  پێمان خۆشە پارتیش بەو ئاراستە كوردستانییە بیر لە سلێمانی و گەرمیان بكاتەوە و گەمارۆی سەریان هەڵبگرێت ، دەست لە فەرق و جیاوازی نێوان دەڤەرەکان هەڵبگرێت کە دیفاکتۆی دوو زۆنی قوڵ دەکاتەوە)
ستران عەبدوڵلا  ئاماژەی بەوەشدا سلێمانی هەمیشە پایتەختی جولانەوەی سیاسیی کوردستان بووە و ئێستاش هەروا بە روانینێکی فراوان و کراوەوە  ئەم گیانە دیموکراسییەی خۆی دەپارێزێ و شۆخی  بە نەغمەی پەرۆشی پارتی دێت بۆ دۆخی شارەکە) بە پێچەوانەوە (سلێمانی و تەواوی کوردستان کێشەیان لەگەڵ ئەم شێوە حوکمڕانییە بێ باکەی تیمی سەرۆکی حکومەت هەیە و لێی نارازییە) ( یەکێتی هیچ کێشەیەکی حزبی بەرتەسکی لەگەڵ پارتی نییە..یەکێتیی کێشەی خەڵکی کوردستانی هەیە لەگەڵ ئەم تەرزە حوکمڕانییەی پارتی) ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی  کۆتا قسەی وا وت

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP