سودانی بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار چه‌ند بڕیارێكی دا

عێراق
21:29 - 2023-01-22


  محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان کۆبوەوە و بۆ جێگیرکردنی نرخی دینار چه‌ند بڕیارێكی دا.

لەو کۆبونەوەیه‌ی سەرۆک وەزیران و یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان، كه‌ پارێزگاری بانکی ناوەندی و بەڕێوەبەری دەروازە سنورییەکان و باج و گومرگ و پێشانگا بازرگانییەکان ئامادەیبوون و گفتوگۆ  ده‌رباره‌ی ناجێگیری دراوە بیانییەکان لە بازارەکانی عێراقدا کرا، سەرۆک وەزیران لەکۆبونەوەکەدا ئاماژەی بەوەشکردوە، حکومەت جددییە لە گرتنەبەری رێکارەکان بۆ چاکسازی ئابوری و راستکردنەوەی ئەو بڕیارە هەڵانەی لە ساڵانی رابردوودا دراون.

بڕیارەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق: 

1- دەروازەیەکی نوێ بۆ بازرگانان لە بانکی بازرگانی عێراق (TBI) دەکرێتەوە بەمەبەستی کڕینی دراوی بیانی.

2- بانکی ناوەندی بەبەهای 500 ملیۆن دۆلار پشتیوانی بانکی بازرگانی عێراق (TBI) دەکات بەمەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ خاڵی یەکەم.

3- پرۆسەی هاوردەکردن و هەناردەکردن لەلایەن هەموو ئەو کۆمپانیایانەی لە وەزارەتی بازرگانی تۆمارکراون و لە بوارە جیاوازەکاندا کار دەکەن، دەستپێدەکات و هەمو کارئاسانییەکیان بۆ دەکرێت.

4- ئاسانکاریی بۆ هێنانی کاڵاکان دەکرێت و مەرجەکانی پێدانی بارمتە کەمدەکرێنەوە، هەروەها سزای دواکەوتنی هاوردەکردن هەڵدەوەشێنرێتەوە.

5- یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان، یەکێتیە پیشەسازییەکان و کەرتی تایبەت بەشداری دەکەن لە کۆبونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی وەزاری بۆ ئابووری.

6- کۆبونەوەی نێوان سەرۆک وەزیران، یەکێتی ژوورە بازرگانییەکان، پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەڕێوەبەری دەروازە سنورییەکان، باج، گومرگ و پێشانگا بازرگانییەکان بەشێوەی هەفتانە بەردەوام دەبێت بۆ چاودێری جێبەجێکردنی بڕیارەکان.

7- فەرمانگەی خانوبەرە، تۆماری کۆمپانیاکان، گەشەپێدانی پیشەسازی، دەستەی وەبەرهێنان و بانکی رەشید و رافیدەین بۆ کۆبونەوەکانی داهاتو بانگهێشت دەکرێن و بەشداری دەکەن.

 
محەمەد شیاع سودانی، جه‌ختشیكرده‌وه‌، دۆسیەی ناجێگریی دراوی بیانی بەرپرسیاریەتی هاوبەشی هەموو لایەکەو پێویسته‌ هەموو لایەنەکان کاربکەن بۆ ئەوەی کەمترین کاریگەری لەسەر هاوڵاتیان هەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP