ده‌روونزانی بوك و خه‌سوو

کلتور
22:31 - 2023-01-25

هۆكاری سه‌ره‌كی ناكۆكی و نه‌گونجانی نێوان (بووك و خه‌سوو) بابه‌تێكی ده‌روونییه‌، په‌یوه‌ندی به‌ هه‌ستی تاكه‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌. هه‌ر یه‌ك له‌ بووك و خه‌سوو به‌هۆی ئه‌و ژینگه‌ خێزاییه‌ی كه‌تێیدا ده‌ژین و كۆده‌بنه‌وه‌ له‌یه‌ك شوێن و جێگا.

هه‌ردوو لایان (بووك و خه‌سوو) داكۆكی له‌ پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان ده‌كه‌ن، هۆكاره‌كه‌شی ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ دروستبوونی دوو هه‌ستی جیاواز و دژیه‌ك له‌ یه‌ك كات و شوێندا.

✪ خه‌سوو هه‌ستی خۆبه‌زلزانی و خۆپه‌رستی زاڵده‌بێت به‌سه‌ریدا، شه‌ری ئه‌وه‌ ده‌كات پێگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆی بپارێزێت، هه‌وڵی ئه‌وه‌ ده‌دات وه‌ك شاژنی ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ بمێنێته‌وه‌، داكۆكی له‌ پێگه‌كه‌ی ده‌كات، هه‌وڵده‌دات نه‌هێڵێت بووكه‌خان پێگه‌كه‌ی پێ له‌ق بكات، بۆیه‌ له‌و روانگه‌وه‌ فه‌رمانه‌كانی ده‌رده‌كات، هه‌وڵده‌دات بووك خان ناچار بكات فه‌رمانه‌كانی ئه‌و جێبه‌جێ بكات به‌شێوه‌یه‌كی ناچاری، زۆرجار كوڕه‌كه‌شی ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری ئه‌و فشار و فه‌رمانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌ی دا ده‌درێت.

✪بوكه‌یش كه‌ سه‌ره‌تای ئه‌زمونێكی تازه‌ی ژیانی ده‌ست پێده‌كات له‌ ژینگه‌یه‌كی تازه‌ی خێزانییه‌، دووره‌ له‌ نازی دایك و باوك و خیزانه‌كه‌ی، ده‌بینێت له‌ شوێنێك ده‌ژیت وا هه‌ست ده‌كات هه‌موو شته‌كان بۆ ئه‌و به‌ته‌واوی رێگه‌ پیدراو نین، به‌ئه‌سپایی و به‌ وریایه‌وه‌ هه‌نگاوه‌كان ده‌هاوێژێت ده‌ست بۆ ئه‌ولاو ئه‌ولا ده‌بات، هه‌ست ده‌كات له‌ ژێر پاڵه‌په‌ستۆ و فشارێكی به‌هێز دایه‌، ره‌نگه‌ زۆر وشه‌ و هه‌ڵوێستی گوێ لێبیت و به‌رچاو بكه‌وێت هه‌رچه‌نده‌ شتێكی ئه‌وتۆش نه‌بێت به‌ڵام ئه‌و وا هه‌ست ده‌كات به‌ ئه‌نقه‌ست و بۆ لێدان له‌پێگه‌ی ئه‌و، ئه‌و شتانه‌ ده‌وترێت، ره‌نگه‌ سه‌ره‌تا په‌رچه‌كرداری نه‌بێت بۆ ئه‌و شتانه‌، به‌ڵام بابه‌ته‌كه‌ له‌ناخیدا ده‌چه‌پێنیت (كبت) ده‌كات.

✪لێره‌وه‌ فشاره‌كان زیاتر ده‌بن و هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانی لا دروست ده‌بێت ئه‌وكات مللانێی نێوان بووك و خه‌سوو ئاشكرا ده‌بێت، لێره‌وه‌ په‌رچه‌كردارو ناره‌زایه‌كان ده‌گه‌نه‌ ئاستێكی به‌رز، ده‌وروبه‌ریش هه‌ست به‌ گرفته‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر زاوا و باوكی زاوا به‌شێوه‌یه‌كی بابه‌تیانه ‌و بێلایه‌نانه‌ چاره‌سه‌ری ئه‌و گرژیه‌ نه‌كه‌ن ئه‌وكات ململانێی نێوان بووك و خه‌سوو ده‌گاته‌ ئاستی شه‌ڕ و تێك هه‌ڵقژان.

✪زۆربه‌ی كات زاواكان ده‌كه‌ونه‌ ژێر كاریگه‌ری (دایك سالاری) و ناتوانن له‌ فه‌رمان و راكانی دایكیان سه‌رپێچی بكه‌ن، بۆیه‌ لایه‌نگیری دایكیان ده‌كه‌ن و خیزانه‌كانیان سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ن، یاخود داوایان لێده‌كه‌ن دان به‌خۆیان دابگرن و له‌ قسه‌ و هه‌ڵه‌كانی دایكیان خۆش بن، هه‌ندێ له‌ بووكه‌كان تا ماوه‌یه‌ك دان به‌خۆ داده‌گرن به‌ڵام به‌هۆی فشاری زیاتر و هه‌ستكردنی زیاتر به‌ كه‌می و فشاره‌ ده‌روونیه‌كانیان له‌كۆتاییدا توانای خۆكۆنترۆڵ كردنیان نامێنیت و ئاشتی خیزانیان تێكده‌چێت، رێگای رۆیشتن و به‌جێهیشتنی هاوسه‌ركه‌یان ده‌گرنه‌به‌ر، ره‌نگه‌ ئه‌نجام تووشی جیابوونه‌وش ببن، ئه‌گه‌ر هاوسه‌ره‌كه‌یان خاوه‌ن ئیراده‌ و بریاری سه‌ربه‌خۆی بێ لایه‌نانه‌ی خۆی نه‌بێت و ته‌نها كوری دایكی بێت.

✪كێشه‌ی نێوان بووك خه‌سوو بابه‌تێكی ده‌روونیه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ هه‌سته‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ستی خۆبه‌زلزانی و خۆپه‌رستی، حه‌زی نه‌گۆڕان و چه‌ق به‌ستوویی له‌ شوێن و پێگه‌ لای‌ گه‌وره‌كان، هه‌ستی خۆبه‌كه‌مزانی و سته‌م لێكراوی، هه‌وڵ و حه‌زی رزگاربوون، گۆڕانكاری، سه‌ربه‌خۆیی ئیراده‌ و بریاردان له‌سه‌ر ژیان و داهاتووی خۆی له‌لای بچووكه‌كان.

✪هه‌مان كێشه‌ و ململانێ له‌نێوان( باوان و رۆڵه‌كان ) واته‌ كور و كچه‌ هه‌رزه‌كاره‌كان و دایك و باوكان هه‌یه‌، له‌ زانستی كۆمه‌ڵناسیدا ئاماژه‌ی بۆ كراوه‌، به‌دیارده‌كی كۆمه‌ڵایه‌تیش ئه‌ژمار كراوه‌، به‌و دیارده‌یه‌ ده‌وترێت ململانێی نه‌وه‌كان كه‌هه‌ستی خۆ به‌زلزانی و خۆپه‌رستی و (باوك سالاری) له‌لایه‌ن ئه‌و باوكانه‌ دروست ده‌بێت كه‌ زانیاریه‌كی ته‌واویان نییه‌ له‌سه‌ر گه‌شه‌ی بایلۆژی و ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رزه‌كاره‌كان، ناتوانن له‌ هه‌سته‌كانی هه‌رزه‌كار تێبگه‌ن، باوكه‌كان ده‌یانه‌وێت ده‌ست به‌رداری نه‌ریت و به‌ها كۆنه‌كان نه‌بن، ئه‌و به‌ها و نه‌ریتانه‌ به‌سه‌ر كورو كچه‌ گه‌نجه‌كانیان ده‌سه‌پێنن، فشاریان ده‌خه‌نه‌ سه‌ر‌ به‌هه‌مان رێچكه‌ی كۆنی ئه‌واندا برۆن، به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌وه‌ كور و كچه‌كه‌ تازه‌ پێگه‌یشتوه‌كان هه‌ستی سته‌م لێكراوی و حه‌زی رزگاربوون له‌ ده‌سه‌ڵات و سته‌می باوك له‌لایه‌ن كوره‌كان و كچه‌كان به‌رامبه‌ر دایكیان دروست ده‌بێت، له‌ئه‌نجامدا ده‌بێته‌ كێشه‌ و شه‌ڕ له‌نێوان باوكان و كوره‌كان، یا دایكان و كچه‌كان.

له‌ كۆتاییا ئه‌ڵێم تائێستا توێژینه‌وه‌ی زانستی ده‌قیق نیه‌ سه‌باره‌ت به‌م كێشه‌ به‌ڵام،ئه‌م كێشه‌ ڕه‌گێكی قوڵی هه‌یه‌ له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیا ، وه‌به‌داخه‌وه‌ بۆ‌ته‌ هۆی تێكچوونی ژماره‌یه‌كی زۆری په‌یوه‌ندی خێزانی و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی زۆر له‌خێزانه‌كان. ئه‌و په‌رته‌وازه‌ییه‌‌، ده‌بێته‌ هۆی بێنازبوون و بێبه‌شبوونی زۆر له‌منداڵان له‌نازی یه‌كێك له‌ دایك و باوكیان، یان هه‌ردووكیان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP