​ 5 هۆكار وادەكات نەیمار پاریس جێبهێلێت

وەرزش
10:59 - 2023-02-18

 

5 هۆكار وادەكات نەیمار پاریس جێبهێلێت
ئاكۆ بیبانی

نەیمار داسیلڤا یەكێك لە جوڵاوترین و بزێوترین یاریزانەكانی تۆپی پێی جیهان ، خاوەن چیژێكی زۆر و داهێنانی بەردەوام لە بڕینی یاریزانان ، هەندێ جاریش یاریزانێكی بێزراو و نمایش كار لای هاندەران ، یاریزانێكی پڕ لە وزەو  فیداكار بۆ هەڵبژاردەو یانەكەی ، هەندێ جاریش وەك یاریزانێكی لە خۆبایی و بە كەسێكی خۆپەرست و لوت بەرزو هەست نەكردن بە بەرپرسیارێتی ناوی دەبرێت ، ئەو ئەستێرە بەرازیلییە شەش ساڵە لە ریزەكانی یانەی بەرشەلۆنەی كەتەلۆنییەوە ڕوویكردۆتە ریزەكانی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ، نەی خەون و ئایدیای گەورەی هەبوو یانەیەكی زەبەلاحی وەك بەرشەلۆنەی جێهێشت لە پێناو ئەوەی خۆی و یانەكەی ببن بە ژمارە یەك لەسەر ئاستی جیهان بەڵام تاكو ئێستا بەخەونەكەی نەگەشتووە .
چاوەڕوان دەكرێت نەیمار لە كۆتایی ئەم وەرزە ریزەكانی یانەی پاریس سانجێرمان جێبهێلێت و ئەزمونێكی نوێ تاقی بكاتەوە ، چەند هۆكارێك هەیە تاكو نەیمار و یانە فەرەنسییەكە لەیەكترجیابنەوە .
1-  گرنگترین هۆكار كە نەیمار وا لێدەكات یانەكە جێبهێلێت بەدی نەهێنانی خەونە گەورەكەیە كە ئەویش لەدەسچوونی نازناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەرووپایە 5 ساڵی تەواوە خلێفی و نەی و یانەكە هەوڵی جامی دوو گوێیەكە دەدەن بەڵام پێی ناگەن ئەمەش ئەو یاریزانەی بێزار كردوەو دەیەوێت لە یانەیەكی دیكە ئەو خەونە بەدی بهێنێت .
2- كێشەی نێوان  نەیمار و كیلیان مبابێ لەدەرەوەی یاریگا  هێندە ئاشكرایە هیچ كەسێك ناتوانێت پاساوی بۆ بهێنێتەوە ، ئەمەش توڕەیی لای هەردوو ئەستێرە گەورەكە دروست كردوە ، بەهۆی ئەو كێشانەوە هەندێ جار كاریگەری كردۆتە لاكێشەی سەوز و لەم چەند ساڵەی كۆتایی نەیمار ناچار كرا شوێنی یاریكردنی بگۆڕێت .
3-  خالێكی دیكە بریتییە لەو موچە زۆرو زەبەلاحەی نەیمار لە ریزەكانی یانە فەرەنسییەكە پێی دەدرێت ، كە ساڵانە نزیكدەبێتەوە لە 48 ملیۆن یۆرۆ ئەمەش گەورەترین موچەیە لەسەر ئاستی كیشوەری ئەوروپا لە دوای كیلیان مبابێ وە ، دەرباز بوون لەو موچە زۆرە رێگای واڵا دەكات بۆ یانە فەرنسییەكە تاكو ئەستێرەی نوێ و لاو بگوازێتەوە بۆ ریزی یانە پاریسییەكە .
4- هۆكارێكی دیكەش بوونی یاریزانی جێگرەوەیە كەلە ئێستادا ئیدارەی یانەكە بەووردی چاودێری ئەستێرەكانی تۆپی پێ دەكات و دەیەوێت جێگرەوەی ئەستێرەكانی دیاری بكات بیانگوازێتەوە بۆ یانەكە هاوشێوەی محەمەد سەڵاح و بێرناردۆ سێلڤا  ئەمەش ئایندەی نەی دەخاتە مەترسییەوە بۆیە هەوڵدەدات لە یانەیەكی دیكەی ئەوروپا جێگای خۆی مسۆگەربكات .
5- هۆكاری پێنجەم و كۆتایش لەدەسچوونی خەونی بەدی هێنان و بەرزركردنەوەی جامی جیهانی بوو لەگەڵ هەڵبژاردەی سیلیساو بەڵام نەیمار لەمەشیان سەركەوتوو نەبوو بۆیە كاریگەری لەسەر ئەو ئەستێرە بەرازیلییە دروست كردوەو دەرونی ئارام نیە .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP