لويس ئينريكى پاریسى کردە ژمارە یەک لە ئەوروپا!

وەرزش
12:31 - 2025-07-06

لويس ئينريكى پاریسى کردە ژمارە یەک لە ئەوروپا!

کاتێک دڕک دەبینى و وێناى گوڵ دەکەیت ، کاتێک شەوەو چاوەڕوانى هاتنى رۆژ دەکەی ، ئەمە ئارام گرتن و پشووى درێژى یانەى پاریس سانجێرمانە کاتێک چەندین ساڵە پارە خەرج دەکات و هیچ دەستکەوتێکى نابێت ، لە گەڵ هاتنى لویس ئینریکى بۆ راهێنەرایەتى یانە پاریسیەکە ئیدى رەشەبا هەڵیکردو گەردەلولێک بەرێوەیە کە تەواوى ئەوروپاى راماڵیوە!  ئێستا یانەى پاریس سانجیرمان لە ترۆپکدایە و هەر جارەو نازناوێک بەرەو گەنجینەیی یانەکە دەبات ، شۆرشەکەى پاریس ئەو دەمە دەستیپێکرد کە چیتر کیلیان ئمپاپێ کوڕە نازدارەکەى فەرەنسا لە یانەکە بوونى نەماوە ، کە چیتر نەیمارى داهێنەر درێسى یانەکە ناپۆشێت ، کە چیتر لێونێل مێسى ئەفسانە بە سیحرەکانى یاریگا ناهەژێنێت ، عوسمان دێمبڵى ئەو هێرشبەرەى لە بارسا نەفرەتى لەسەر بوو کەچى ئێستا لە یانە پاریسیەکە لە شەقەى باڵى داوەو لوتکەى ئاست بەرزى و سەرنج راکێشى پێشکەش دەکات و بووە بە ئاڵاهەڵگرى سەرکەوتنەکانى یانەى پاریس یانجێرمان ، ئەشرەف حەکیمى چیتر تەنها یاریزانێک نیە بەڵکو ئێستا بووە ئەستێرەیەکى درەوشاوە ، فیتینیا و مێندێز فیتنەى تۆپى پێین ، دۆنا رۆماش ئاستى خەیاڵى پێشکەش دەکات ، کڤاراتسخیلیاش تەنها یاریزانێکى باڵ نیە بەڵکو تێکشکێنەرى هێڵى بەرگرییە .
ناسر خلێفی سەرۆکى یانەکە ملیارەها دۆلارى خەرجکرد لە پێناو نازناوەکان دواجار ئینریکى دۆزیەوەو خەونەکەى بەدى هێناو تیپێکى بۆدروست کرد کە سەلماندى تەنها پارە سەرکەوتنت بۆ ناهێنێ!
ئەو پاریسەى خاوەن ئەو هەموو ئەستێرەى تۆپى پێ بوو لە رابردوو جگە لە خولى فەرەنسى هیچ نازناوێکى نابینى ، ئەوە ئێستا پاڵەوانى خولى یانە پاڵەوانەکانەو لە جامى جیهانیش لە پێش کۆتاییە و پاڵێوراوى بردنەوەى جامەکەیە ، دێمبڵیش بووە بە یەکێک لە ئەستێرە کاریگەرەکان و پێدەچێت باڵۆن دۆر لەدەستەکانیدابێت !
ئەزمونەکانى ئینریکى بەراستى چێژبەخشن ، پەرە بەسیستەمێک دەدات کە لەگەڵ تیم و بەکۆمەڵ دەگونجێ نەک ئاستى تاکەکەسى ، ئەمەش وایکردوە ئێستا لەئەوروپا پاریس ژمارە یەک بێت و ڕکابەرى هەموان بێت .

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP