سلێمانی _ منداڵێك به‌هۆی سكچون و ڕشانه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا

تەندروستی
20:55 - 2023-04-24

دكتۆر پشده‌ر عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌ری نه‌خۆشخانه‌ی د. جه‌مال ئه‌حمه‌د ره‌شیدی مناڵان له‌شاری سلێمانی، رایگه‌یاند، ئه‌مڕۆ منداڵێك كه‌ ته‌مه‌نی یه‌ك ساڵان بوه‌ گه‌یه‌نراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌، كه‌ به‌هۆی سكچون و ڕشانه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

دكتۆر پشده‌ر عه‌بدوڵا وتیشی: منداڵه‌كه‌ له‌ سه‌یدسادقه‌وه‌ هێنراوه‌ته‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ به‌ڵام به‌رله‌وه‌ی بگاته‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی سكچون و رشانه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدابوو .

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و حاڵاتانه‌ نوێ نین و پێده‌چێت ساڵانه‌ نزیكه‌ی 50 حاڵه‌تی مردنی منداڵ به‌هۆی سكچون و رشانه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان تۆماربكرێن، بۆیه‌ داوا له‌ دایكان و باوكان ده‌كات كه‌ له‌ ئه‌گه‌ر توشبونی منداڵه‌كانیان به‌ سكچون به‌خێرایی بیانگه‌یه‌ننه‌ نه‌خۆشخانه‌ و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ن.

بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ توشبون به‌ سكچون و ڕشانه‌وه‌ باشتره‌ چه‌ند هه‌نگاوێك بگیرێته‌به‌ر له‌وانه‌ش كوڵاندنی ئاو، و هه‌ڵگرتنی خواردن له‌نێو ساردكره‌وه‌ و شۆردنه‌وه‌ی سه‌وزه‌ و میوه‌ پێش خواردن و پاكوخاوێن راگرتنی منداڵ و دوركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنی سه‌ردانه‌پۆشراو و خواردنی خراپ.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP