بەداخەوە جارێکی تر پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەکارھێنانی نوێنەری بەناو پێکھاتەکان، لە ھەنگاوێکی تاک لایەنەی نایاسایی ، بڕگەیەک بۆ بەرنامەی کاری دانیشتنی رۆژی ٢٢-٥-٢٠٢٣ زیاد دەکەن، ئەویش کاراکردنەوەی کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیە
بۆ ڕای گشتی رایدەگەیەنین ئەم ھەنگاوە تەواو ناپەیرەویە و پێچەوانەی ماددەی (٤٨ )ی بڕگەی (٤ )لە پەیرەوی ناخۆی پەرلەمانی کوردستانە ، لەبەر ئەوەی (٢٤ )کاتژمێر تەواو بەر لە دانیشتنی پەرلەمان رانەگەیەنراوە ، ھاوکات پێچەوانەی رێکەوتنی سیاسی نێوان ھێزە سیاسیەکان و فراکسیۆنەکانی پەرلەمانە کە پرسی ھەمواری یاسای ھەلبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمسیۆن دوو پرسی نیشتمانین دەبێت دوای رێکەوتن و سازانی ھێزە سیاسیەکان ھاوتەریب بەیەکەوە بخرێنە بەرنامەی کار و کاریان لەسەر بکرێت
کەچی جارێکی تر پارتی نوێنەری بەناو پێکھاتەکانی لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەکارھێناوە بۆ واژۆکردن لەسەر بابەتێکی ناپەیرەوی ، ئەمەش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی قوڵکردنەوەی ململانێ سیاسی ،دواجار ئەنجامدانی ئەم کارە بەشێوەی تاکرەوی وێرای ئەوەی سەرپێچی تەواوی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستانە ، لەھەمان کاتدا دەبێتە ھۆی تێکدانی بنەمای سازانی نیشتیمانی ، بۆیە ئێمە لە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتەواوی ئەم ھەنگاوە نا یاسایی و ناپەیرەویە رەتدەکەینەوە ، ئۆباڵی لێکەوتەکانی دەخەینە ئەستۆی ئەنجامدەرانی .
فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان
٢١-٥-٢٠٢٣
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP