ئاسۆ مامەند کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی په‌یامێكی سوپاسگوزاری ئاڕاسته‌ی خه‌ڵكی كه‌ركوك ده‌كات

کوردستان
17:44 - 2023-06-02

پەیامی سوپاسگوزاری هەڤاڵ ئاسۆ مامەند بۆ خەڵکی دڵسۆز و خۆڕاگری کەرکوک، و جەماوەر، و کادر، و ئەندام، و لایەنگرانی یەکێتیی، و سەرجەم چین و توێژەکان
سڵاوێکی گەرم..!
بە پێویستی دەزانم کە سوپاس و پێزانینی خۆم ئاراستەی خەڵکی دڵسۆز و بە ئەمەکی کەرکوک، و جەماوەر، و لایەنگر، و ئەندام، و کادرانی یەکێتیی، و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، و پێشمەرگە دێرینەکان و کەمئەندامبووانی سەنگەر، و هەڤاڵانی لێپرسراوی مەڵبەندەکان، و سەرکردایەتیی کەرکوک، و سەرجەم چین توێژەکان لە سنوری مەڵبەندە تێکۆشەرەکانی؛ دووی کەرکوک، هەژدەی رۆهەڵات، حەڤدەی رۆئاوا، و تەواوی لایەنە حزبی و حکومییەکان بکەم، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان و بە پەرۆشەوە بەشداری رێوڕەسمی یادی (٤٨) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد، و ئەو یادەیان بەرزڕاگرت.
بەشداریکردنی جەماوەری یەکێتیی، و چین و توێژەکانی پارێزگای کەرکوک لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، دەرخەری ئەو راستیەیە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان حزبێکی دێرین و تێکۆشەر و هەڵقوڵاوی ناو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، هەروەک پەرۆش و دەربەستیی یەکڕیزی و تەبایی و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتەکانە بێ جیاوازیی.
رێوڕەسمی بەرزراگرتنی یادی (٤٨) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لەم ساڵدا، هاوکات بوو لەگەڵ راگەیاندنی چالاکییەکانی (هەفتە یادی یەکێتیی) کە تیایدا بە دەیان چالاکی هەمەجۆری؛ سیاسی، رۆشنبیری، هونەری، و وەرزشی، و ئەنجامدانی چەندین کۆڕ و کۆبوونەوە، و سەردانیکردنی مەیدانی بۆ لای چین و توێژەکان دەستی پێکرد، و هەتا ئێستایش بەردەوامی هەیە.
بەشداری کارای جەماوەری یەکێتیی و چین و توێژەکان لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی یەکێتیی، گڕوتینی ئەوەمان پێدەداتەوە؛ کە لە جاران زیاتر داکۆکی لە خواست و مافە رەواکانی خەڵکی کوردستان لە ناوچە جێناکۆکەکان بکەین، و ببینە فاکتەری ئارامی و ئۆقرەیی بە ئامانجی دەستەبەرکردنی ژیانێکی ئارام و شایستە بۆ هاووڵاتییانی کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان.
جارێکی تر سوپاستان دەکەم بۆ ئەو بەشدارییە گەرم و گوڕەی کە لە رێوڕەسمی یادی یەکێتییدا کردتان

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP