فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم مووچەی ئه‌م مانگه‌ش وەک مانگەکانی رابردو وه‌رده‌گرن

ئابوری
20:16 - 2023-07-16


تا ئێستا بەهۆکاری دەرنەچوونی رێنماییەکان، جێبەجێکردنی یاسای بودجە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەندامێکی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق-یش دەڵێت:" دەرنەچوونی رێنماییەکانی بودجە کاریگەری نابیت لەسەر ئەو بڕە پارەیەی کە مانگانە بۆ هەرێم دەنێردرێت و مووچەی ئەم مانگەی فەرمانبەرانی هەرێم-یش وەک مانگەکانی رابردوو دابەشدەکرێت و پاشان هەردوو حکومەت پاکتاوی ژمێرییان دەکەن".

د.نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق راگەیاند:"بەهۆکاری ئەوەی رێنماییەکانی جێبەجێکردنی بودجە دەرنەچووە، هێشتا یاسای بودجە نەکەوتووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام چاوەڕواندەکریت لەچەند رۆژی داهاتوودا رێنماییەکان دەربچن".

د.نەرمین مەعروف وتی:"مووچەی ئەم مانگەشی فەرمانبەرانی هەرێم، وەک مانگەکانی رابردوو دابەشدەکرێت، بڕی ٨٠٠ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی عیراقەوە بۆ هەرێم دەنێردرێت، لەگەڵ داهاتی ناوخۆ دەتوانرێت مووچەی پێ دابەش بکرێت"

د.نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد:" هەرکاتێک یاسای بودجە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، ئەو بڕە پارانەی نێردراون بۆ حکومەتی هەرێم لەپشکەکەی دەبڕدرێت و پاکتاوی ژمێری خۆیان دەکەن".

دوای زیاتر لە دوو مانگ لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق گفتوگۆی وردیان لەسەر بڕگە بە بڕگەی پرۆژە یاسای بوودجە کرد و دواتر گفتوگۆی نوێنەرانی عیراق لەسەر پرۆژەكە لە ٧-٦-٢٠٢٣ەوە دەستیپێكرد و دوای 5 رۆژ دانیشتی پەرلەمان، پرۆژە یاسای بودجە بۆ هەر سێ ساڵی 2023، 2024، 2025 پەسندكرا و عیراق گەورەترین پڕۆژەیاسای بودجەی تێپەڕاند كە لە 134.5 ترلیۆن دینار پێكهاتووە و پشكی هەرێمی كوردستانیش تێیدا 12.67% ە، كە ساڵانە دەگاتە 20 ترلیۆن دینار و مانگانە 1.6 ترلیۆن دینار دەكات.

دوای پەسندکردنی، پرۆژە یاساکە رەوانەی سەرۆكایەتی كۆمارکرا و د.لەتیف رەشید سەرۆككۆمار ئیمزای کرد ئاڕاستەی رۆژنامەی وەقائعی کرد بۆ بڵاوکردنەوە، پاشان رۆژی ٢٦-٦-٢٠٢٣ یاسای بودجەی عیراق بەرەسمی لەرۆژنامەی وەقائعی عیراق بڵاوکرایەوە.

بەپێی یاساکە بودجە لە ١-١-٢٠٢٣ ەوە کاریپێدەکرێت، بەڵام پشکی هەرێم لە یاسای بودجە لە ٢٥ی ئازاری ٢٠٢٣ لە بودجە جێگیرکراوە، کەهاوکاتە لەگەڵ راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP