بە هەوڵی یەکێتی بڕیاری کۆتایی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەدرێت

عێراق
18:43 - 2023-09-12

هەوڵەکانی یەکێتی بۆ بەڕەسمی ناساندنی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە گەیشتووەتە کۆتایی و لەوچوارچێوەیەشدا بڕیارە رۆژی پێنج شەممە، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێهەم بۆ پرۆژە یاساکە بکات، ئەندامێکی فراکسیۆنی یەکێتیش لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەڵێت، "پێشتریش لە سەر داوای فراکسیۆنەکەمان بەپارێزگابوونی هەڵەبجە خراوەتە دانیشتنی پەرلەمانەوە و هەوڵی پەسەندکردنی پرۆژەکە لە بەرژەوەندی هەڵەبجەییەکان دەدەین".

چرۆ حەمەشەریف ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "رۆژی پێنج شەممە، ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق خوێندنەوەی سێهەم و کۆتایی بۆ پرۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەکات".

وتیشی: "پێشتر وەزارەتی پلاندانانی عیراق سنووری جوگرافیای پارێزگای هەڵەبجەی دیاریکردبوو، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پەسەندی کردووە و دوای تەواوبوونی رێکارەکانیش، رۆژی پێنج شەممە پڕۆژەیاساکە خوێندنەوەی سێهەمی بۆدەکرێت".

"پێشتر وەک ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق داوام لە سەرۆکی پەرلەمان کردبوو کە خوێندنەوەی سێهەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکرێت و هەڵەبجە ببێتە ١٩ـەمین پارێزگای عیراق، لەوچوارچێوەیەشدا سەرۆکی پەرلەمان لیژنەیەکی بۆ ئەوپرسە راسپارد کە بەدەم داواکەمانەوە بێن و خوێندنەوەی سێهەمی پرۆژەکە بخرێتە دانیشتنی پەرلەمانەوە"، ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران وادەڵێت.

پێشتر لەکاتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی عیراق دا، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یەکێک لەو پڕۆژانەی پێشکەشی کابینەکەی سودانی کرد پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بوو، لەوچوارچێوەیەشدا ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵەکانیان بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە چڕکردەوە، بەپارێزگابوونی هەڵەبجەیان گەیاندە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە رۆژی پێنج شەممە، ئەنجومەنی نوێنەران خوێندنەوەی سێهەم بۆ بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP