شەهید مولازم سەید کەریم ،تێکۆشەرێکی گەورەو لێهاتووی گەلەکەمان بوو ،لەئازایەتی وبوێری وچالاکیدا کەموێنە بوو ، لەو کاتەی ئێمە چووینە دەرەوە ،پێشمەرگەکانی کەرتی دەشتی هەولێر ،بەبەردەوام باسی ئەو شەڕە قارەمانانەی هەرێمی هەشتیان دەگێڕایەوە کە بەفەرماندەیی شەهید سەید کەریم لەگوندی قەڵاسنجی بناری چیای سەفین ڕوویداوە لە٢٥-١-١٩٨٠ ،لەو شەڕەدا ژمارەیەکی زۆر لەجاشە خۆفرۆشەکان کوژران ،دوو پێشمەرگەش تیایداشەهیدبوون (مامۆستا حەسەن ئەنوەر مەخموری ناسراو بە مامۆستا کاوە ڕابەری سیاسی هەرێمی هەشت وپێشمەرگەیەکی تر بەناوی ئەنوەر سلێمانی).
لەناو پێشمەرگە وخەڵکیش وابوو ئەو قارەمانانە ،هەردەم خۆشەویست وڕێزلێگیراو بوون ،منیش زۆر حەزم دەکرد ئەو مرۆڤە ئازایانە بناسم ،ڕۆژێک لەبەهاری١٩٨١ وا ڕێککەوت من و شەهید ڕێباز بەیەکەوە لە سەرکردایەتی لەگوندی شێنێ دەچووینە زەڵێ ،لەوناوە لە نزیک قولە هەرمێ خەیمەیەک هەڵدرابوو ،کاک موزەفەر چاوشین لەناو خەیمەکە هاتە دەرەوە ،هەرکە شەهید ڕێبازی بینی بانگیکرد گوتی :وەرە خاڵە سەید کەریم لێرەیە ،ئێمەش لاماندایە ژێر خێمەکە لەوێ لەنزیکەوە لەگەڵ ئەو تێکۆشەرە دانیشتم ،نیوەڕۆکەش هەر لەوێ لەگەڵ ئەودا نانمان خوارد،گەڵێ قسەی خۆش کرا بەتایبەت شەهید ڕێباز کۆمەڵێ ڕووداوی گێڕایەوە کەلەژیانی پێشمەرگایەتی لەگەڵ شەهید سەید کەریم بەسەریاندا هاتووە.
ئازایەتی ئەم فەرماندەو سەرکردەیە وایکردبوو هەربوونی ئەو لەهەر ناوچەیەک وورەیەکی زیاتری دەبەخشیە پێشمەرگە ،هەستت بەوە دەکرد پشت وپەنایەکی قایم لە نزیکتەوە هەیە. بۆیە ڕژێمی بەعس بەدوای دەرفەتێکدا دەگەڕان شەهیدی بکەن ،چەندین جار پیلانیان بۆ دانا ،تالەدواجار لە ١٥-٩-١٩٨٤ بەسوود وەرگرتن لەمفاوەزات لە تاسلوجە ی نزیک شاری سلێمانی خرایەنێو بۆسەوە خۆی و هەردوو پێشمەرگەی قارەمان (نەهرۆ عەبدوڵا وسەباح مەجید ) بەدەستی جاش وخۆفرۆشان شەهید بوون.
دروود بۆ ڕۆحی سەرکردەو فەرماندە شەهید سەید کەریم و هاوڕێکانی .
سەرشۆڕی بۆ نۆکەرانی ڕژێمی بەعسی گۆڕبەگۆڕ.
نوسینی - شەماڵ عەبدوڵا
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP