سەرۆك بافڵ : چیتر هاوڵاتییانمان لەدڵەڕاوێکدا نەمێننەوە

عێراق
14:31 - 2023-09-20

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبەغدا چاویکەوت بە نوری مالکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا.

لەدیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان، هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت، کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم گفتوگۆی لەبارەوەکرا و جەخت لە هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان لایەنە سیاسییەکان کرایەوە لەپێناو زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور بەشێوەیەک کە مافی هەموو لایەک پارێزراوبێت.

لەدرێژەی دیدارەکەدا هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر فڕۆکەخانەی عەربەت ئیدانەکرا و داواکرا حکومەتی عیراق ئەرکە دەستوورییەکانی خۆی رابپەڕێنێت، سنوور بۆ پێشێلکارییەکان دابنێت و هیچ پاساوێک بۆ بەزاندنی ئاسمان و خاکی وڵات نەمێنێت.

سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە مووچە و قووتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و پرسی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە کرد و رایگەیاند، دەبێت چارەسەرکردنی کێشە داراییەکان و دوورخستنەوەی مووچەی فەرمانبەران لەکێشە سیاسییەکان کاری لەپێشینەی هەموومان بێت و چیتر هاوڵاتییانمان لەدڵەڕاوێکدا نەمێننەوە. لەبارەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەشەوە سەرۆک بافڵ وتی، هەڵەبجە و هەڵەبجەییەکان شایەنی هەموو رێز و وەفادارییەکن، بەپارێزگابوونیشی دەبێت خەمی هەمووان بێت و داواکارم هەموولایەنەکان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بکەن.

 

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP