له‌ رۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆ د.كه‌مال فوئاد ژیانئاوایی كرد

کوردستان
15:53 - 2023-11-15


نۆ ساڵ پێش ئێستا لە رۆژی 15-11-2014 لە ئەڵمانیا، دڵی گەورەی د.كەمال فوئاد سیاسەتمەدارو دبلۆمات و رۆژنامەنووس و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و روناكبیری كورد لەلێدان كەوت.

كەمال عەبدولكەریم محەمەد فوئاد كە بە د.كەمال فوئاد ناسراوە، ساڵی 1932 لەبنەماڵەیەكی دیار و ناسراوی شاری سلێمانی لەدایك بووە، كەسایەتییەكی گەورەی سیاسی‌ و روناكبیریی كوردستانە و زیاتر لە 60 ساڵ لەكۆڕی تێكۆشانی سیاسی‌ و رۆشنبیری خزمەتی زۆری بەگەل‌ و نیشتمانەكەی كرد، شاسوارێكی رێگای رۆژنامەنووسی و رابەرێكی وابوو كە دەبێت مێژووی رۆژنامەنووسی كوردی شانازی پێوە بكات، چونكە ئەگەر جوامێری ئەم كەڵە رووناكبیرە نەبووایە مێژووی رۆژنامەنووسی كوردی و رۆژنامەی كوردستان بە نادیاری دەمایەوە، كە بە جوامێری خۆی توانی هەموو ژمارەكانی لە ئەرشیفی ئەڵمانیدا بدۆزێتەوە.

لەكۆتایی پەنجاكانی سەدەی رابردوو چۆتە ئەڵمانیا‌و لەوێ‌ ماستەری لە فۆنیمەكانی زمانی كوردی لە زانكۆی هامبۆرگ ‌و دكتۆرای لەسەر دەستنووسە كوردییەكان وەرگرتووە.

دكتۆر كەمال هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجی و لەتەمەنی 15ساڵی تێكەڵاوی جوڵانەوەی سیاسی بووە ‌و سەرەتا پەیوەندی بەحزبی شیوعی عیراقەوە كردووەو یەكێك لە كادیرە دیارو چالاك‌ و هەڵسوڕاوەكانی ئەو حزبە بووەو لەبەغدا هەمیشە رابەرو پێشەنگی خۆپیشاندانەكان بووە‌و هەر بەهۆی ئەوەوە دەستگیر كراوە‌و دوو ساڵ لەزیندان ماوەتەوە.

دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژەی بەخەبات داوە‌ و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی‌ و ساڵانێكی دوور و درێژ ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە.

جگە لەكاری سیاسی، د.كەمال خولیای ئەدەب‌ و رۆژنامەنووسی بووە‌ و لەوبوارەدا شوێن پەنجەی دیارە‌ و دیارترین كاری ئەوە بووە كەساڵی 1968 لەئەڵمانیا ژمارەكانی رۆژنامەی كوردستانی دۆزییەوە‌ و لەساڵی 1972 چاپی كردن، لەساڵانی 1971-1974 وەك مامۆستای زانكۆ لەبەشی كوردی كۆلیجی ئەدەبیاتی زانكۆی بەغدا خزمەتی كرد.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP