خانمی یەکەمی عێراق بۆ رۆژی شه‌هیدی یه‌كێتی په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌

کوردستان
13:59 - 2023-11-21


شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق لە رۆژی شەھیدی یەکێتی پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایگه‌یاند:" لەم یادە بەرزەدا وەک وەفایەک بۆ سەرجەم شەھیدان و کەسوکارە سەربڵندەکانیا‌ن بەڵێن بێت کە درێژەپێدەری ڕێبازی یەکێتیەکەیان بین و پابەندبین بە ڕێگا و ڕێبازی ھەڤاڵی کۆچکردوومان مامی گەورەی گەلی کورد (مام جەلال)".

دەقی پەیامەکەی شاناز ئیبراھی ئەحمەد خانمی یەکەمی عێراق...

کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان
جەماوەری کۆڵنەدەر و شەھید پەروەری یەکێتی

ڕوون و ئاشکرایە کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک ھێزێکی ڕێچکەشکێن و ھەڵگری دروشمی مێژوویی و نەتەوەیی، خاوەن پێگەیەکی گەورەی نیشتمانییە، ھەروەک حزبی ڕاپەڕاندنی ئەرکە سەختەکان و ھەردەم پشت و پەنای گەلەکەمانبووە لە پارچەکانی تری کوردستان و لە ڕۆژگارە سەخت و دژوارەکاندا، ئەو گەورەییەی یەکێتیە کە ھەڵگری ناسنامەی حزبی شەھیدانی لێنراوە چونکە خاوەنی زیاتر لە بیست ھەزار قوربانی و تێکۆشەری سەنگەری شەرەف و بەرگری ناو زیندانەکانی داگیرکەران و بەر پەتی سێدارەیە.

مێژووی تێکۆشان وگیانفیدایی گەلەکەمان تۆمارێکی پرشنگدارە، مێژووی کاروانی خەبات و ڕۆح بەخشینی ڕۆڵەکانی ئەم نیشتمانەیە، ھەرجێگەیەکی ئەم کوردستانە سەیربکەیت لە پێناو ئازادکردنیدا، خوێنی پێشمەرگە و تێکۆشەرانی یەکێتی لێ ڕژاوە و تێکەڵی خاک بووە، دوایین کاروانی قوربانیدانیش گیانبەختکردنی دەیان فەرماندەی ئازا و پێشمەرگەی قارەمان بوو کە ‌لە جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش لە پێناو پاراستنی سنورەکانی ھەرێمی کوردستان و ئارامی و ئازادی و سەربەستیدا خۆیانکردە قوربانی.

جەماوەرە پۆڵاینەکەی حزبی شەھیدان
 مەشخەڵانی ڕێگەی سەختی خەباتی دوێنێ و خەباتی ئەمڕۆ
 شەھیدانی سەربەزی ئازادی خاک و گەل

 بەڵێن بێت تا دوا ھەناسە ھەڵگری ئاڵا سەوزەکەی یەکێتی و بیروباوەڕی ئێوە ‌بین، خەمڕەوێنی کەسوکارە سەربەرزەکانتان بین، ھەوڵدەدەین بەدیھێنەری ھیوا و ئاواتەکانیان بین.

ھەر لەم یادە بەرزەدا وەک وەفایەک بۆ سەرجەم شەھیدان و کەسوکارە سەربڵندەکانیا‌ن بەڵێن بێت کە درێژەپێدەری ڕێبازی یەکێتیەکەیان بین و پابەندبین بە ڕێگا و ڕێبازی ھەڤاڵی کۆچکردوومان مامی گەورەی گەلی کورد (مام جەلال) و بە دروشمی تەبایی و نوێکردنەوە برەو بە یەکێتیەکەمان بدەین و لەسەر گڵکۆی پیرۆزیان بەڵێنی وەفا دووپات کەینەوە
سەری ڕێز و نەوازش بۆ تێکڕای شەھیدان دادەنەوێنم

 شەھیدان ئەو مەشخەڵە ھەمیشە داگیرساوەن کە ھێز و ورەیان پێ بەخشیوین 

یادی یەک بە یەکیان بە خێر و ھەزاران ھەزار سڵاو لە ڕۆحی پاکیان 

شاناز ئیبرایم ئەحمەد

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP