كاندیدێكی پارتی گه‌ڕایه‌وه‌ نێو ڕیزه‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌وه‌

کوردستان
17:58 - 2023-12-02

رۆژی شەممە ٢-١٢-٢٠٢٣ لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری کەرکوک  ئاسۆ مامەند سەرۆکی قەوارەی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی، پێشوازیی کرد لە د. سامان محەمەد شەریف کاندیدی ژمارە ٢١ی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بڕیاریدا پەیوەندیی بە ریزەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە بکات و لەناو ئەو حزبەدا درێژە بە خەبات و چالاکییەکانی خۆی بدات.
لەو دیدارەدا  ئاسۆ مامەند دوای بەخێرهاتن، تەئکیدی کردەوە کە یەکێتیی ماڵی هەموو کوردێکە بە بێ جیاوازیی، وتیشی : هەموو کەسێک دەتوانێت لە ناو ریزەکانی یەکێتیی درێژە بە خەبات و چالاکی خۆی بدات، و خزمەتی کەرکوک و دانیشتوانەکەی بکات، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد؛ بنەماڵەی د. سامان محەمەد شەریف لە لای ئێمە و کەرکوکییەکان ناسراوو بەڕێزن.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا د. سامان محەمەد شەریف کاندیدی ژمارە ٢١ی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکوک رایگەیاند: لە ئێستاوە خۆم بە ئەندامێکی یەکێتیی و خوێندکارێکی رێبازەکەی سەرۆک مام جەلال دەزانم، و پێویسته‌ هه‌مووان ده‌نگ به‌ (لیستی ژمارە ١٤٢ی هاوپەیمانیی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە) بده‌ن، چونكه‌ هه‌ر یه‌كێتییە ده‌توانێت خزمه‌ت بە كه‌ركوك و مەسەلە رەواکەی بكات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP