قوباد تاڵەبانی لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان کۆبووەوە

کوردستان
12:46 - 2024-02-14

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە نیکۆلاوس ستێرگیولاس، کونسوڵی گشتیی نوێی یۆنان لە هەرێمی کوردستان و پێکەوە تاوتوێی چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ( ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤)، لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە نیکۆلاوس ستێرگیولاس کرد بە بۆنەی دەستبەکاربوونی وەک کونسوڵی گشتیی یۆنان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە پێشخستن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی یۆنان.
هەردوولا هاوڕابوون کە زەمینەی لەبار هەیە بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزاردا. لەمبارەیەوە جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا یۆنان ئەزمونێکی سەرکەوتووی هەیە لە هەردوو بوارەکەدا و هەرێمی کوردستان پێشوازی دەکات لە وەبەرهێنەرانی ئەو وڵاتە بۆ وەبەرهێنان لە کەرتەکانی کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و گواستنەوەی ئەزمونی سەرکەوتووی یۆنان بۆ هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بە گرنگیی دروستکردنی پەیوەندیی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و یۆنان کرد و داوایکرد کونسوڵی گشتیی یۆنان لەمبارەیەوە هاوکاربێت. هەروەها داواشیکرد حکومەتی یۆنان کارئاسانی بکات بۆ وەرگرتنی خوێندکارانی هەرێم لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP