قوباد تاڵەبانی: پێویستیمان بە ئامادەکاری زیاتر هەیە بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر

کوردستان
16:35 - 2024-02-14

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە دەیڤید بێرگەر هەڵسوڕێنەری كاروباری باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا دۆخی ئەمنی عێراق و کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی چوارشەمە ( ١٤ی شوباتی ٢٠٢٤) لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا مارک سترۆ کونسوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێم ئامادەی بوو، جەخت کرایەوە لەسەر گرنگی پاراستنی سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی پێویستە هەموو لایەنەکان هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن، چونکە هە رجۆرە گرژی و هەڵوێستێکی نادروست دەتوانێت سەقامگیری عێراق و کوردستان و ناوچەکە بخاتە مەترسییەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جێگری سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا هێشتا مەترسی تیرۆر لە عێراق و کوردستان بەردەوامە و داعش و گروپە تیرۆریستییەکان لە دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ خۆرێکخستنەوە و تێکدانی ئاسایشی ناوچەکە، هەربۆیە پێویستیمان بە ئامادەکاری زیاتر هەیە بۆ بنەبڕکردنی تیرۆر.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە پێویستە بە زووترین کات بڕیار لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بدرێت و لەماوەیەکی نزیکی داهاتوودا هەڵبژاردن بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد و دادپەروەرانە بەڕێوەبچێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP