سەعدی ئەحمەد پیرە: یه‌كێتی سكاڵاكه‌ی له‌ دادگای فیدراڵی ناكشێنێته‌وه‌

کوردستان
21:06 - 2024-02-17


سبەینێ 18-2-2024 جارێکی تر دادگای فیدراڵی لەسەر سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن کۆدەبێتەوەو لەو بارەیەشەوە وتەبێژی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکی PUKMEDIA دا دەڵێت: "هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ کشانەوەی سکاڵاکەی یەکێتی لە دادگای باڵای فیدراڵی و یەکێتی داوایەکی یاسایی کردووە".

وتەبێژی یەکێتی: رێز لە بڕیاری دادگا دەگرین
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA رایگەیاندووه‌: "هەتا ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراوە بۆ کشانەوەی سکاڵاکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دادگای باڵای فیدراڵی عیراق لەسەر یاسای هەڵبژاردن، دواخستنی بڕیاردان لەسەر ئەو سکاڵایەش تاوانی یەکێتی تیا نییە".

وتەبێژی یەکێتی  وتی."یەکێتی داوایەکی یاسایی کردووە بۆ ئەوەی کۆتاکان لە هەڵبژاردن و پەرلەمان نوێنەری راستەقینەی خۆیان هەبێت و نەبنە دارەدەستی هیچ لایەنێکی سیاسی، هەر لایەنێکیش دژی ئەو داوایەیە شینی خۆی دەکات و دەزانن دەنگەکانی ئەوان کەم دەکات، پێویستیشە دادگای فیدراڵی ئەو داوایە بەلایەکدا بخات و ئێمەش رێز لە بڕیارەکە دەگرین "

چەندین جار دانیشتنەکە دواخراوە
سكاڵاکەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان تایبەتە بە پێنج ماددە لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لەلایەن زیاد جەبار سەرۆكی فراكسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان لەسەر ماددەكانی (1-9-15-22-36)ی یاسای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان تۆماركراوە، کە پێشتریش چەند جارێكی دیكە دانیشتنەكەی دادگای فیدراڵی بۆ تاوتوێكردنی سكاڵایەكی یەكێتی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان دواخراوە.

هەروەها یەكێتی لەرێگەی ئەم سكاڵایەوە دەیەوێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، كار بە یاسای ئەنجومەنی نیشتمانی كوردستانی عیراق بكرێت، كە ساڵی 1992 لەلایەن بەرەی كوردستانییەوە دەركراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP