كار بۆ كاراكردنه‌وه‌ی سندوقی خانه‌نشینی ڕۆژنامه‌نووسان ده‌كرێت

کوردستان
20:15 - 2024-02-18

حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی سندوقی خانه‌نشینی ڕۆژنامه‌نووسان ده‌ربڕی.

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (18ـی شوباتی 2024)، لەشاری سلێمانی، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان پێشوازی كرد له‌ تیمی ڕێكخراوی "ئاران" بۆ په‌ره‌پێدانی كولتووری مه‌ده‌نی.

له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ تیمه‌كه‌، گفتوگۆ له‌ باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی سندوقی خانه‌نیشنی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرا، كه ‌به گوێره‌ی یاسای ژماره‌ (13) ی ساڵی 2001 له‌ هه‌رێمی كوردستان دامه‌زراوه.

له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، تیمی ڕێكخراوه‌كه‌ داوایه‌كیان ئاراسته‌ی وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان كرد،  بۆ ئه‌وه‌ی جارێكیدیكه‌ ئه‌و سندوقه‌ بخرێته‌وه‌ كار و ڕۆژنامه‌نووسان بتوانن وه‌ك توێژه‌كانی دیكه‌ خانه‌نشین ببن.

له‌و باره‌یه‌وه‌، حه‌مه‌ی حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیری ڕۆشنبیری و لاوان باسی له‌ گرنگی ئه‌و سندوقه‌ كرد ‌و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد،‌ هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی ده‌خاته‌گه‌ڕ و بەرگری لە کاراکردنەوەی سندوقە دەکات، چونکە ئه‌وه‌ به‌شێكه‌ له‌ مافی ڕۆژنامه‌نووسان و ده‌سته‌به‌ری داهاتوویان ده‌كات و ئه‌و پرسه‌ به‌ یاسا ڕێكخراوه‌ و گرنگه‌ كار به‌ ده‌قی یاساكان بكرێت بۆ خزمه‌تی توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP