زیاتر له‌ 41 هەزارو 420 دەنگدەر بۆ یەکەم جاره‌ به‌شداری له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن

کوردستان
17:27 - 2024-03-11



کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق لەڕێگەی دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و عیراقەوە، لێکۆڵینەوە لەشایەستەبوونی ئەو لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆیانە دەکات، کە ناوی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان تۆماردەکەن،وتەبێژی کۆمسیۆنیش دەڵێت:"١٥ رۆژ بۆ لێکۆڵینەوە لە لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان دیاریکراوە".

زیاتر لە ٤١ هەزار دەنگدەری نوێ هەیە
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق بەوێبسایتی رەسمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌:"لەسەرەتای مانگی شوباتەوە کە تۆماری بایۆمەتری دەستیپێکردووە هەتا ٩-٣-٢٠٢٤ کە رۆژێک پێش کۆتایی بووە، ١١٩ هەزار و ٨٥٠ دەنگدەر ناویان لە تۆماری بایۆمەتری تۆمارکردووە، کە ٤١ هەزار و ٤٢٧ دەنگدەریان بۆ یەکەم جارە ناویان تۆماردەکرێت و لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٦ن".

"لەپارێزگای هەولێر ٦٠ هەزار و ١٦٩ دەنگدەر و لە پارێزگای سلێمانیش ٣٤ هەزار و ٤٥٤ دەنگدەر و لە پارێزگای دهۆکیش ٢٥ هەزار و ٢٢٧ دەنگدەر ناوی خۆیان تۆمارکردووە"، جومانە غەلای وایوت.

دەرگای تۆمارکردن بۆ لیست و کاندیدەکان دەکرێتەوە
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق دەرگای تۆمارکردن بۆ لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان دەکاتەوە.

وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراق راشیگەیاند:" کۆمسیۆن بڕیاریداوە لە ١٣-٣-٢٠٢٤ تا ٢٢-٣-٢٠٢٤ دەرگای تۆمارکردن بۆ لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدە سەربەخۆکان لە هەر سێ پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان، کە بەشدار دەبن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان بکاتەوە".

"پێویستە ئەو لیست و هاوپەیمانێتییانەی لە کۆمسیۆن خۆیان تۆماردەکەن بە نوسراوی رەسمی لەلایەن سەرۆکی حزب و هاوپەیمانێتییەکەوە داواکەمان ئاڕاستە بکەن"، جومانە غەلای وایوت.

لەماوەی ١٥ رۆژدا لێکۆڵینەوە دەکرێت
ئەو لیست و هاوپەیمانێتییانەی ناوی خۆیان تۆماردەکەن، لەلایەن دەستەی دەستپاکی و وەزارەتی ناوخۆوە لێکۆڵینەوە لە شایستەبوونیان دەکرێت.

جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکرد:" ئەو لیست و هاوپەیمانێتی و کاندیدانەی ناوی خۆیان تۆماردەکەن، لەدوای تەواوبوونی وادەی خۆتۆمارکردن، پێویستە لەماوەی ١٥ رۆژدا دەستەی دەستپاکی و هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و عیراق لێکۆڵینەوە لە شایستەبوونیان بۆ بەشداریکردن لەهەڵبژاردن بکەن".

 وتەبێژەکەی کۆمسیۆن ده‌ڵێت:"پێویستە هەر هاوپەیمانێتییەک بڕی ١٠ ملیۆن دینار و هەر لیستێک بڕی ٥ ملیۆن دینار و هەر کاندیدێکی سەربەخۆ بڕی یەک ملیۆن دینار لە کۆمسیۆن دابنێن، کە ناگەڕێتەوە بۆیان و دەبێتە بەشێک لە داهاتی حکومەت"،

جومانە غەلای راشیگەیاند:ووه‌" بۆ لێکۆڵینەوە لە شایستەبوونی هەر کاندیدێکیش وەزارەتی ناوخۆی عیراق بڕی ٢٥٠ هەزار دینار و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بڕی ٦٠ هەزار دینار وەردەگرێت و پێویستە لەڕێگەی یەکێک لەبانکە حکومییەکانی عیراقەوە بیخەنە سەر هەژماری کۆمسیۆن ، کە بەهەمانشێوە ناگەڕێتەوە بۆ خاوەنەکانیان".

PUKMEDIA ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ بەپێی زانیارییەكانی، بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ٣ ملیۆن و ٧٨٩ هەزار و ٣٦٠ دەنگدەر هەن و لەو ژمارەیەش تا بەرواری ٩-٣-٢٠٢٤ نزیکەی ٣ ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان بۆ كراوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP