عیماد ئەحمەد: یه‌كێتی قۆناغێكی نوێی راگەیاندن دەستپێدەكات

کوردستان
16:24 - 2024-03-27


عیماد ئەحمەد لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاری رایدەگەیەنێت:" قۆناغێكی نوێی راگەیاندن دەستپێدەكات و هەموو تواناكان دەخەینەگەڕ لە پێناو گوتارێكی میدیایی یەكێتیانە كە لە خزمەتی خەڵكی كوردستان و نیشتمان و خەبات و تێكۆشانی یەكێتیدا بێت".

ئەم وتەیەی لێپرسراوی راگەیاندن و هۆشیاری لە میانی رێورەسمی دەستبەكاربوونی ئەندامانی مەكتەب و ئەندامانی بۆردی راگەیاندن دا هات كە 27/3/2024 لە ساڵۆنی كوردستانی نوێ بە ئامادەبوونی لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن و ژمارەیەك لە راگەیاندنكار و رۆژنامەنووسان ئامادەیبوون.

لەوتەیەكدا عیماد ئەحمەد بەوردی باسی لە ئەرك و رۆڵی راگەیاندن لە قۆناغی نوێی دوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن كرد و وتی:" سەرۆك بافڵ و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگانەكانی دیكە پشتیوانی تەواوی سەرخستنی ئەرك و قۆناغی نوێی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی دەكەن" و داوایكرد كە هەمووان لە ئاست بەرپرسیارێتی متمانە و قۆناغەدابن لە بەرەوپێشبردنی راگەیاندنی یەكێـیی نیشتمانیی كوردستان.

لێپرسراوی مەكتەبی راگەیاندن و هۆشیاریی وتی:"جێگەی شانازییە كە راگەیاندنی یەكێتی مێژوویەكی درەوشاوەی هەیەو بەم توانا مرۆییەو لێهاتوویەش دەتوانرێت راگەیاندنی یەكێتی لە ئاست قۆناغەدا بێت و بەرپرسیارانە وەك هەمیشە مامەڵەی پرۆفیشناڵانە و راستگۆیانە لەگەڵ پرسە سیاسی و كۆمەڵایەتی و رووداو پێشهاتەكان دا بكات".

لەدوای پێنجەمین كۆنگرەی یەكێتی و دووەمین كۆنفرانسی بۆردی راگەیاندن، گۆڕانكاری لە هەیكەل و پێكهاتەی بۆردی راگەیاندن دا كراوە و لیژنەیەك لە یاریدەدەرانی لێپرسراوی مەكتەب، بە هەڵسەنگاندن و لە بەرچاوگرتنی پسپۆری و ئەزموون و لێهاتوویی و جێندەری و چەند پێوەرێكی دیكە، ئەركەكانی ئەندامانی مەكتەب و بۆرد و كەناڵەكان دیاریكران و گۆڕانكاری و ئاڵۆگۆر كراوە.

هاوکات لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن لەوتەیەكدا بایەخی ئەرك و قۆناغی نوێی روونكردەوە و رایگەیاند:" دەتوانین بە كاری پێكەوەیی و سوود وەرگرتن لە تواناكان خزمەتی زیاتری راگەیاندن بكەین كە لە ئاست سەنگ و قورسایی یەكێتییەكەمان لەلایەك و ویستوخواستی كۆمەڵانی خەڵك لەلایەكی تر بێت".

" راگەیاندن هەمیشە پایەیەكی سەرەكی بووە و رۆڵی گرنگی هەیە لە سەر رایگشتی و كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و لەو روانگەیەوە كاری جددی و پێكەوەیی لەسەر گەیاندنی پەیام و خزمەتی پرسە نیشتمانیی و باڵاكان دەكەین و داكۆكیكاری بێمەرجی ویست و داخوازییەكانی میللەتەكەمان دەبین، كە رەنگدانەوەی سیاسەتی یەكێتییە" لەتیف نێروەیی وایوت.

 هەر لە مەراسیمەكەدا بڕیاری دەستەبەكاربوونی ئەندامانی مەكتەب و بۆرد و لێپرسراوی كەناڵەكان پێشكەشكران و شكۆنامەی پیشەیی خوێندرایەوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP