یامالی 16 ساڵان فیتنه‌ی تۆپی پێیه
ئاكۆ بیبانی
لامین یامال ، ته‌نها 16 ساڵ ته‌مه‌نێتی ، له ریزی یانه‌یه‌كی گه‌وره‌ی وه‌ك بارسیلۆنا پێگه‌یه‌كی به‌هێزی بۆخۆی دروستكردوه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه زۆر به‌باشی خۆی له‌گه‌ڵ بارودۆخه‌كان گونجاندوه سه‌رباری ئه‌وه‌ی ته‌مه‌نی 16 به‌هار تێپه‌ڕناكات به‌ڵام كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر كه‌تیبه‌كه‌ی چاڤی هێرنادێز دروستكردوه ، بوه به‌یه‌كێك له‌چه‌كه كاریگه‌ره‌كان و له ئێستادا ناوی هیچ ئه‌ستێره‌یه‌ك به‌رزتر له ناوی لامینی داهێنه‌ر و جادووگه‌ر له خاكی كامپ نۆ نابیسترێت ، به داهاتووی تۆپی پێ ناوه‌زه‌ندی ده‌كه‌ن ، هه‌موانی ناچاركردوه چه‌پڵه‌ی ستایشی بۆ لێ بده‌ن ، ئاسته سه‌رنج راكێشه‌كه‌ی وای كردوه سه‌ر باری ئه‌و ته‌مه‌نه له ریزی هه‌ڵبژارده‌ی ئیسپانیا هه‌ر زوو جێگای بكرێته‌وه ، ئه‌وه‌تا له یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ لامین چه‌پڵه رێزان ده‌كرێت سه‌رباری ئه‌وه‌ی له كامپ نۆی ڕكابه‌ری مێژوویه‌وه ده‌ركه‌وتوه ، لامین ده‌رچووی قوتابخانه‌ی لاماسیای تایبه‌ت به یانه‌ی بارسیلۆنایه هه‌ندێك جار وه‌ك مێسی نوێ و شوێنگره‌وه‌ی ئه‌ستێره ئه‌رژه‌نتینه‌كه ناوزه‌ند ده‌كرێت ، هه‌ر چه‌نده لامین له‌سه‌ره‌تای رێگا دوور و درێژه‌كه‌یه‌تی ، داهاتوویه‌كی گه‌وره چاوه‌ڕوانی ده‌كات به‌ڵام بارسیلۆنا دوو دڵه له‌و ئه‌ستێره‌یه و ده‌یه‌وێت به‌ربه‌ستی كۆنكرێتی له نێوان لامین و یانه گه‌وره‌كانی ئه‌وروپا دروست بكات !نایه‌وێ ئه‌و یاریزانه لاوه بكه‌وێته ژێر كاریگه‌ری پاره‌وه‌و یانه زلهێزه‌كان له چنگی بارسیلۆنا ده‌ریبهێنن ، هه‌ر بۆیه ئیداره‌ی یانه‌كه به‌سه‌ركردایه‌تی خوان لاپۆرتای سه‌رۆك له‌هه‌وڵی نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی یامالن .
به‌پێی سه‌رچاوه هه‌واڵییه‌كان ئیداره‌ی یانه‌كه و خۆرخێ مێندێزی بریكاری كاره‌كانی ئه‌و ئه‌ستێره‌یه پاكێجی نوێكردنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌یان ئاماده‌كردوه ، له ترسی یانه ده‌وڵه‌مه‌ند و پاره‌داره‌كان بارسیلۆنا بۆنده‌كه‌ی لامین یامال تاكو ساڵی 2030 درێژده‌كاته‌وه ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌ربه‌ستێكی دیكه‌ی له گرێبه‌سته‌كه چه‌سپاندوه ئه‌ویش سزای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بۆنده‌كه‌یه‌تی كه بڕه‌كه‌ی یه‌ك ملیار یۆرۆیه ، به‌مه‌ش بارسیلۆنا ده‌توانێت تاكو ماوه‌یه‌كی درێژ پارێزگاری له تواناكانی بكات .
لامین یامالی ته‌مه‌ن 16 ساڵان ، 39 یاری له‌سه‌رجه‌م خول و پاڵه‌وانێتیه‌كان بۆ بارسیلۆنا كردوه‌و توانیوێتی 6 گۆڵ پێشكه‌ش به بلوگرانه بكات جگه له‌وه‌ی 7 گۆڵی بۆ هاورێكانی دروستكردوه .
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP