قوباد تاڵەبانی سەردانی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی کرد

کوردستان
11:49 - 2024-03-31

قوباد تاڵەبانی، لێپرسراوی مەکتەبی سکرتاریەتی سەرۆک مام جەلال، سەردانی ئەنجومەنی پاراستنی  بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی کرد و لەگەڵ جەعفەر شێخ مستەفا، لێپرسراوی ئەنجومەن کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە ( ٣١ی ئازاری ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و کاک دلێر سەید مەجید ئامادەی بوو، تاوتوێی دۆخی ئێستای یەکێتی و پرسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. 

سەبارەت بە دۆخی ناوخۆی یەکێتی، هەڵسەنگاندن بۆ رێکخستنەوە و گۆڕانکارییەکانی ناو ئۆرگانەکانی یەکێتی بەپێی بڕیار و راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنجەم کرا و پەرۆشی و هەستی بەپرسیارێتی بەرپرسان و کادرانی یەکێتی لە هەموو رێکخستن و ئۆرگانەکاندا بۆ خۆنوێکردنەوە و باشتر بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بەرز نرخێندرا، بە جۆرێک کە ئەو تەبایی و یەکڕیزییەی ئێستای ناو ریزەکانی یەکێتی  هەیە، پێویستە زیاتر پەرەی پێ بدرێت.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسی هەڵبژاردنەکانی خولی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان کرا. لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی جەختی کردەوە کە یەکێتی هەموو ئامادەکارییەکی کردوە بۆ هەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەشدا یەکێتی جەخت لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکاتەوە کە هەم لەلایەن خەڵک و هەم لەلایەن چاودێرانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە شایەدی لەسەر پاکی و بێگەردییەکەی بدرێت.

لێپرسراوی سکرتارییەتی سەرۆک مام جەلال هیواشی خواست هەموو لایەنەکان هەستیاری قۆناغەکە و گرنگی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەبەرچاو بگرن و دواکەوتنی لەوە زیاتری هەڵبژاردن زیان بە هەرێم دەگەیەنێت.

دواتر باسی پرسی مووچە کرا و هەردولا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت هەوڵی ئەوە بدرێت لەگەڵ حکومەتی عێراق ئەو گرفتە چارەسەر بکرێت بەشێوەیەکی بنەڕەتی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP