خاوه‌ن دوكانه‌كانی چه‌لێ‌: به‌هۆی دواكه‌وتنی زۆری به‌رگريی شارستانی زیانه‌كانمان زۆر زیاتر بوو

کوردستان
16:25 - 2024-04-01


به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌ 1-4-2024 ئاگر له‌بازاڕ‌ی چه‌لێ له‌ سه‌نته‌ری پارێزگای دهۆك كه‌وته‌وه‌و زیاتر له‌ 300 دوكان سوتان، كه‌ 100 له‌و دوكانانه‌ زیانی ماددی زۆریان پێگه‌شیتووه‌، خاوه‌ن دوكانه‌كانیش ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كه‌ن:" به‌رگری شارستانی شاره‌كه‌ زۆر دره‌نگ به‌ده‌م داواكارییه‌كه‌مانه‌وه‌و هاتوون و ئه‌مه‌ش زیانه‌كانی زیاتر كرد".

ئاگره‌كه‌ سه‌عات 03:30ـی به‌یانی ئه‌مڕ‌ۆ 01ـی نیسانی 2024 كه‌وته‌وه‌و به‌هۆیه‌وه‌ زیانێكی زۆر به‌ر بازاڕه‌كه‌ كه‌وتووه‌.

خاوه‌ن دوكانێك: به‌رگری شارستانی دره‌نگ گه‌یشتووه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌
یه‌كێك له‌و خاوه‌ن دوكانانه‌ی كه‌ زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌ بۆ PUKMEDIA راگه‌یاندووه‌:"له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی زۆرینه‌ی دووكانی ئه‌م بازاڕه‌ جلوبه‌رگی منداڵان و ژنانن و به‌هۆی هاتنی جه‌ژنی ره‌مه‌زانه‌وه‌ هه‌موومان كه‌لوپه‌لی زیاترمان بردبووه‌ دووكانه‌كانمان، هه‌ربۆیه‌ زیانی ماددی زۆرمان به‌ركه‌وتووه‌".

"خاوه‌ن دوكانه‌كان له‌ماڵه‌وه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ شوێنی رووداوه‌كه‌، به‌ڵام هێشتا به‌رگری شارستانی نه‌گه‌یشتبوو، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر به‌رگری شارستانی زوو بهاتایه‌ ئاگره‌كه‌ كۆنترۆڵ ده‌كراو هێنده‌ زیانی نه‌ده‌بوو"، خاوه‌ن دوكانێك واده‌ڵێت.

دووكاندارێكی دیكه‌ ده‌ڵێت:" بۆئه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانی دوكانه‌كه‌م له‌سوتان رزگار بكه‌م، كه‌لوپه‌له‌كانم بردووه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی دوكانه‌كه‌، به‌ڵام به‌شێكی له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه‌ دزران".

ئاگره‌كه‌ زیانی گیانی نه‌بووه‌
له‌باره‌ی زیانی ئاگره‌كه‌، به‌ڕ‌ێوه‌به‌رایه‌تی به‌رگریی شارستانی دهۆك له‌ راگه‌یه‌نراوێكدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات:"قه‌باره‌ی زیانه‌كان دیار نین، به‌ڵام جێی دڵخۆشییه‌ كه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ زیانێكی گیانی نه‌بووه‌".

ئاگره‌كه‌ له‌كاتێكدایه‌ كه‌پارێزگاری دهۆك بڕ‌یاریداوه‌ بازاڕ‌ه‌كه‌ له‌دوای جه‌ژنی ره‌مه‌زان رێكبخاته‌وه‌، هاوكات رۆژی27 ی شوباتی ئه‌مساڵ، ئاگر له‌ بازاڕ‌ی له‌نگه‌ی هه‌ولێر كه‌وته‌وه‌و دوای رووداوه‌كه‌ پارێزگاری هه‌ولێر رایگه‌یاند:" به‌هۆی ئاگره‌كه‌وه‌ 166 دوكان سوتاون و نزیكه‌ی 20 دوكانیش زیانیان به‌ركه‌وت".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP