تیمێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا بەجلوبەرگی کوردییەوە سەردانی شێخ جەعفەر شێخ مستەفایان کرد

کوردستان
17:36 - 2024-04-07


ئه‌مڕۆ یەکشه‌ممه‌ 7ی نیسان، هه‌ڤاڵ شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا، لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ باره‌گای ئه‌نجومه‌ن، پێشوازیكرد له‌ تیمێکی هێزە تایبەتەکانی ئەمریکا لە سنووری پارێزگای سلێمانی.

لەدیدارێکدا، لێپرسراوی ئه‌نجومه‌نی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان، کورتە باسێکی لەبارەی هاوکاری و هەماهەنگی چەند ساڵەی نێوان هێزی پێشمەرگەو هاوپەیمانان بەگشتی و هێزەکانی ئەمریکا بەتایبەتی پێشکەشکردو ستایشی رۆڵی بەرچاوی هێزەکانی ئەمریکای کرد لە پرۆسەی ئازادکردنی عیراق و مەشق و راهێنانکردن بە پێشمەرگە و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
لە بەشێکی دیدارەکەدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاماژەی بە جموجۆڵەکانی ئەمدواییەی پاشماوەی تیرۆریستانی داعش کرد، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە دەکەونە نێوان سنوورەکانی هەردوو ئیدارەی هەرێم  و عیراق کە بۆشایی ئەمنییان تێدایە، بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیاری هەماهەنگی زیاتری کرد لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و هەردوو حکومەتی هەرێم و عیراق.
لەبەرانبەردا تیمە سەربازییە تایبەتەکەی ئەمریکا باسیان لە قارەمانێتی و بوێری هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی کۆماندۆ و دژەتیرۆر و سوات کرد لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم و رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ، ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگی و هاریکاریی زیاتری هێزی پێشمەرگە. هاوکات سەرسامیی خۆیان بە کەلتورو کەلەپووری کورد و ئاکاری بەرزی کوردەواری نیشانداو ئاماژەیان بەوەکرد کە هەر لەو سۆنگەیەشەوەیە بەجلوبەرگی کوردییەوە سەردانەکەیان ئەنجامداوە.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP