ئەمڕۆ سودانی لەگەڵ جۆبایدن کۆدەبێتەوە

عێراق
12:31 - 2024-04-15

لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا کۆدەبێتەوە و پرسی ئابوری و سیاسی و ئەمنی تاوتوێ دەکەن، ئەوەش لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنە ستراتیژییەی لە نێوان ھەردوو وڵاتدا ھەیە.
بەپێی خشتەی کارەکان، بەر لەکۆبوونەوەی لەگەڵ بایدن سودانی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆدەبێتەوەو دوای بەجێھێشتنی کۆشکی سپیش دەچێتە بینای وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و چاوی بە لوید ئۆستن وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دەکەوێت.
پاشان کۆبوونەوەیەکی فراوان لەگەڵ والی ئــدییمو بریکاری وەزیری گەنجینە دەکات، بەئامادەبوونی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی.
دوێنێ سودانی لەدووەم رۆژی سەردانە رەسمییەکەیدا بۆ واشنتۆن، لەگەڵ برێت مەکگۆرک رێکخەری کاروباری رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئاموس ھوکشتاین راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە کۆبووەوە.
ھەروەھا بەئامادەبوونی وەزیری پلاندانان و نەوت، چاوی بەژمارەیەک لەڕەوەندی عێراقی کەوت کە لەئەمریکا دەژین.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP