لەتیف نێروەیی وه‌ڵامی پرسیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵوێستی یه‌كێتي ده‌داته‌وه‌

کوردستان
18:11 - 2024-04-15



لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی لە وتارێکیدا دەڵێت: " یەكێتی پەیامێکی رەسمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت دوابخرێت"، دەشڵێت: "بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە".

لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە وتارێکیدا کەلە بەشی وتار له‌ سایتی(https://kirkuktv.net/) بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ بە ناونیشانی 'وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی تایبەت بە هەڵوێستی یەكێتی'، وەڵامی سێ پرسیاری باوی رۆژ دەداتەوە کە لە ماوەی هەفتەی رابردوودا زۆرترین پرسیار بوون كە ئاراستەی یەکێتی كراون، کە پرسیاری یەکەم  بریتییە لە: "ئایا راستە یەکێتی و پارتی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان رێکەوتوون، کەلایەنێکی سیاسی لەرێی میدیای خۆیەوە رۆژانە ئاماژە بەوە دەدات ؟!".

لە وەڵامدا نێروەیی دەڵێت: "بڕیاری دیاریکردنی رۆژی هەڵبژاردن ،یان بڕیاردان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەکان بەدەست حزبەکانەوە نییە تاوەکو یەکێتی یان هەرحزبێکی دیکە رێکەوتن بکات ،بەڵکو ئەو پرسە پەیوەستە بە سەرۆکی هەرێم و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە".

پرسیاری دووەم کەلە وتارەکەدا وەڵامی دراوەتەوە بریتییە لە: "ئەگەر هەڵبژاردن بکرێت و دوانەخرێت ،بەڵام لە سنووری هەولێر و دهۆك رێگری لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بكرێت، هەڵوێستی یەكێتی. چی دەبێت؟. چونكە بەشێك لە كادیرانی پارتی هەڕەشە دەكەن گوایە رێگا نادەن لە سنوری هەولێر و دهۆك هەڵبژاردن بكرێت".

لەوەڵامدا لێپرسراوی بۆردی راگەیاندن ئاماژە بەوە دەکات: "یەكێتی پەیامێکی رەسمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دوابخرێت، چونكە دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندی  هەرێمی كوردستان  و  پرۆسەی دیموکراتی و سەقامگیریی سیاسی و مانەوەی قەوارەی هەرێمدا نییە، بەڵام هەر كێشە و گرفتێك لەو بوارەدا هەبێت كۆمسیۆن لێی بەرپرسیار دەبێت و هەوڵی چارەسەركردنی دەدات".

لەکۆتا پرسیاردا ئەوە هاتووە کە ئایا، 'هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە هەژماری من چییە؟، ئایا پشتگیری لێ دەكات، یان پشتگیری لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات؟'.

لەتیر نێروەیی ئەوەش روندەکاتەوەو دەڵێت: "لەسەر ئەم پرسەش یەکێتی هەڵوێستێکی رۆشنی هەیە، چونكە ئەوەی بە لای یەكێتییەوە گرنگە دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ئەو كێشەیەیە بەشێوەیەكی ریشەیی و دادگای فیدراڵی رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دیاریكردووە و ئێمە رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین، بۆیە بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە".

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP