كۆچ و كۆچبه‌ران: بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان، سلێمانی زیاتر هاوكارمانە

کوردستان
18:12 - 2024-05-05



سه‌رباری رێگرییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كانی شه‌نگال له‌كامپه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك بۆسه‌ر زێدی خۆیان، 102 ئاواره‌ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ بۆ شه‌نگال و بۆ هه‌ر خێزانێك چه‌كێكی بانكیان وه‌رگرت به‌ بڕ‌ی 4 ملیۆن دینار، به‌گوێره‌ی بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش پارچه‌ زه‌وییه‌كیشیان پێده‌درێت و داده‌مه‌زرێندرێن و سه‌رچاوه‌ی بژوێیشیان مسۆگه‌ر ده‌كرێت.

نامانه‌وێت له‌ غه‌ریبی و ناڕه‌حه‌تی بژین
نه‌جۆ خانم ته‌مه‌نی 70 ساڵ ده‌بێت و په‌نجه‌مۆری وه‌رگرتنی چه‌كێكی بانكی چوار ملیۆن دیناری وه‌رگرتووه‌ تاوه‌كو بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رزێدی خۆی و به‌ PUKMEDIA ی وت :" ژیانی ئاواره‌یی مردنه‌، بێخزمه‌تی و سه‌رماو گه‌رماو نه‌خۆشی هه‌موو ساتێكی مه‌رگه‌، من له‌گه‌ڵ 4 نه‌وه‌و كوڕ‌ێكم نزیكه‌ی 9ساڵ له‌ئاواره‌یی له‌ كامپه‌كانی دهۆك بووین".

" ئه‌و ته‌مه‌نه‌ی ماومه‌ ده‌مه‌وێت له‌ زێدی خۆم به‌سه‌ری ببه‌م و به‌ ناڕه‌حه‌تی گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌و چیتر نامانه‌وێت له‌ غه‌ریبی و ناڕه‌حه‌تی بژین و له‌ شه‌نگال ئاسووده‌ ده‌بین" نه‌جۆ وایوت.

408 ملیۆن دیناریان به‌چه‌ك پێده‌درێت
نه‌جۆ یه‌كێكه‌ له‌و 102 خێزانه‌ی گه‌ڕ‌اوه‌ته‌وه‌ بۆ شه‌نگال و نه‌ینه‌وا له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی كۆچ كۆچبه‌رانی عیراقه‌وه‌ هه‌وڵی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌درێت بۆسه‌ر زێدی خۆیان و بۆ ئه‌و كاروانه‌ی گه‌ڕ‌اونه‌ته‌وه‌ 408 ملیۆن دیناریان به‌چه‌ك پێده‌درێت، هه‌رچه‌نده‌ ئیڤان جه‌برۆ وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران له‌سه‌ر رێگری گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كانی دهۆك و هه‌ولێر بۆ سه‌رزێدی خۆیان سكاڵای یاسایی له‌سه‌ر سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم تۆمار كردووه‌.

سكاڵاكار له‌سكاڵاكه‌یدا داوایكردووه‌ به‌دابینكردنی پێداویستییه‌كانی خێزانه‌ ئاواره‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ی بارگرانییه‌كانیان، ھه‌روه‌ھا داخستنی كه‌مپه‌كان و گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی خۆبه‌خشانه‌ی ئاواره‌كان له‌كاتی خۆیدا ئه‌وه‌ش به‌پێی بڕ‌یاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق كه‌له‌ ساڵی ٢٠٢٣ دا دراوه‌.

وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نوسیدا وتی:"رێگریم لێكرا بچمه‌ هه‌رێمی كوردستان و كامپی ئاواره‌كان، داوای ئه‌وه‌ده‌كه‌ن سكاڵاكه‌م له‌دادگای فیدراڵی بكێشمه‌وه‌، به‌ڵام نایكێشمه‌وه‌".

" سه‌رمان له‌نوسراوێكی حكومه‌تی هه‌رێم سوڕ‌ما، كه‌ گه‌ڕ‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌ی نێو كامپه‌كانی دهۆك و بڕ‌یاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌وباره‌یه‌وه‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌و ده‌یبه‌ستێته‌وه‌ به‌جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شه‌نگاله‌وه‌" ئیڤان فایه‌ق واده‌ڵێت.

به‌راورد به‌ هه‌ولێرو دهۆك، سلێمانی زیاتر هاوكارمانە
سامر مه‌شكور به‌ڕ‌‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستانی وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق له‌ لێدوانێكی تایبه‌تدا به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندوه‌: "بۆ گه‌ڕ‌‌اندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان به‌راورد به‌ هه‌ولێر و دهۆك له‌پارێزگای سلێمانی زیاتر هاوكاری و كارئاسانیمان بۆده‌كرێت، ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕ‌‌ێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌مپه‌كانی هه‌ولێرو دهۆك له‌ژێر كۆنترۆڵی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندان".

"بۆ هه‌ر خێزانێكی ئاواره‌ حكومه‌تی عیراق بڕ‌ی چوار ملیۆن دینار و به‌فرگرێك و ته‌له‌فزیۆنێك و ته‌باخێك، وه‌ك هاوكاری پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان ده‌كات و كار ئاسانی ده‌كات بۆ گه‌ڕ‌انه‌وه‌یان بۆ زێدی خۆیان، هاوكات هه‌وڵده‌ده‌ین له‌و واده‌یه‌ی دیاریكراوه‌ كه‌ 1-7-2024 ه‌ سه‌رجه‌م ئاواره‌كانی هه‌رێم بگه‌ڕ‌ێنینه‌وه‌، چونكه‌ هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ژیانیان له‌ زێدی خۆیان نه‌ماوه‌"، سامر مه‌شكور وای وت.

عیراق ته‌ئكید له‌گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان ده‌كاته‌وه‌
حكومه‌تی عیراق ته‌ئكید له‌گه‌ڕ‌‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان ده‌كات، وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانیش هه‌موو كارئاسانییه‌ك بۆ گه‌ڕ‌‌اندنه‌وه‌یان ده‌كات.

رۆنزی زیاد سیدۆ سه‌رۆكی لیژنه‌ی كۆچ و كۆچبه‌ران له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "گه‌ڕ‌‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان به‌رده‌وامه‌ و وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌ران هه‌موو كارئاسانییه‌ك بۆ گه‌ڕ‌‌اندنه‌وه‌یان ده‌كات، له‌م چوارچێوه‌یه‌شدا بڕ‌‌یاریداوه‌ بڕ‌‌ی چوار ملیۆن دینارو پارچه‌یه‌ك زه‌وی و دامه‌زراندن له‌وه‌زاره‌ته‌كان وه‌ك هاندانێك پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌كان بكات".

"حكومه‌تی عیراق ته‌ئكید له‌گه‌ڕ‌‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ زێدی خۆیان ده‌كات و هه‌وڵی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان ده‌دات"، رۆنزی زیاد سیدۆ واده‌ڵێت.

كۆتا واده‌ بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان دیاریی كراوه‌
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق بڕ‌یاریداوه‌ رۆژی 30-6-2024 دوا واده‌بێت بۆ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ زێدی خۆیان، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌كانی كۆتایی ساڵی پۆلی 12 داواكراوه‌ دواواده‌ بۆ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ 30-7-2024 دوابخرێت.

 گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی هه‌یه‌، به‌ڵام به‌پێی سكاڵاكه‌ی وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌ران بێت كه‌له‌ دادگای فیدراڵی تۆماری كردووه‌، له‌پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك رێگری له‌ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی ئاواره‌كان هه‌یه‌.

هاوكات به‌گوێره‌ی نوێترین ئامار تائێستا 24 كه‌مپی ئاواره‌ی پارێزگای موسڵ له‌هه‌رێمی كوردستان كه‌ زۆربه‌یان له‌دهۆكه‌ ماون و 32 هه‌زار خێزان تێیدا نیشته‌جێن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP