ئەمرۆ شەممە 18ـی 5ـی 2024، ساڵۆنی لاپەڕە نۆی ناوەندی هەولێری مەکتەبی راگەیاندن و هۆشیاری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبوونی دكتۆر ئەرسەلان بایزو سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی و وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی و تێكۆشەران و نوسەران و رۆشنبیران لەكۆڕێكدا مەراسیمی ناساندن و بڵاوکردنەوەی کتێبی شەو لەكێوان، لە نوسینی د. ئەرسەلان بایز ئەنجامدا.
لەسەرەتای كۆڕەكەدا نوسەرو رۆژنامەنووس سمكۆ عەبدولكەریم ئاماژەی بەوەكرد یەكێكی تر لەشانازییەكانی تری گۆڤاری دیوان ئەو بەرهەمەیە بەناوی كتێبی شەو لەكێوان كەپێشتر بەچەند ئەلقەیەك لەگۆڤاری دیوان بڵاوكرایەوە.
روو لەئامادەبووانی كۆڕەكە نوسەرو رۆژنامەنووس دكتۆر نەوزاد عەلی ئەحمەد باسی لەناوەرۆكی كتێبی شەو لەكێوان كردو رایگەیاند: "كتێبەكە پێشتر لەشێوازی وتار بەچەند ئەلقەیە لەگۆڤاری دیوان بڵاوكراوەتەوە". وتیشی: "كتێبەكە باس لەژیانی پێشمەرگایەتی و رێكخستنی تێكۆشەری دێرین دكتۆر ئەرسەلان بایز دەكات".
كتێبی شەو لەكێوان لەبڵاوكراوەكانی ناوەندی هەولێری مەكتەبی ڕاگەیاندن و هۆشیاری یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانە.
د.ئەرسەلان بایز نوسەر و روناکبیر، یەکێکە لە سەرکردە دیار ودێرینە ناسراوەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و خاوەنی چەندین کتێب و چاپکراوی دیکەیە لەوانە (ڕاپەڕینی ئاگری – وەرگێڕان، فاشیزم – ١٩٨٨، ڕاگەیاندنی شۆڕش و بزووتنەوەی شیعری کوردی – ٢٠٠١، ڕۆژانی سەخت، سیمای شیعری کوردی دوای ڕاپەڕین – ٢٠٠٣، پرۆسترۆیکا، پێگەی سیاسیی کورد لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست – ٢٠٠٨، سەمای دۆلفینەکان – ٢٠١١) لەگەڵ دەیان وتار و لێکۆڵینەوە
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP