شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سه‌ركرده‌ عادل موراد به‌ڕێوه‌چو

کوردستان
11:51 - 2024-05-18



لە شەشەمین ساڵیادی کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد دا کە یەکێک بوو لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی و خانەوادە و هەڤاڵان و هاوخەباتانی کۆچکردوو، تاجوگەڵینەی رێز و وەفا لەسەر مەزارەکەی دانرا و یادی کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد کرایەوە.

ئەمڕۆ شەممە 18ـی 5ـی 2024، شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد، یەکێک لە دەستەی دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دا تێدەپەڕێت، کە لە ساڵی 2018 بەهۆی نەخۆشییەوە لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد.

هەڤاڵ عادل موراد دەیویست خزمەتی کوردستان بکات
د. خەسرەو گوڵ محەمەد نوێنەری سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ هەرسێ ئەنجومەنی سەرکردایەتی، ئەنجومەنی باڵای بەرژەوەندی و ئەنجومەنی پشتیوانی لە لێدوانێکدا لەسەر مەزاری هەڤاڵ عادل موراد-ەوە رایگەیاند: "کاک عادل موراد پیاوێکی خۆشەویست بوو لەلای سەرۆک مام جەلال و هەموو خەڵکیش، کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد زیانێکی زۆری هەبوو بۆ کوردستان، چونکە پیاوێکی میانڕە و بوو، هەمووکات دەیویست خزمەتی کورد و کوردستان بکات، بابەتی کوردایەتی لەسەرو بابەتی حزبایەتی بوو لای هەڤاڵ عادل موراد".

هەڤاڵ عادل موراد خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانیی و نەتەوەیی بوو
قادر عەزیز هاوڕێ و هاوخەباتی هەڤاڵ عادل موراد، لەسەر مەزارەکەی رایگەیاند: "لە دوای هەرەسی شۆڕشی ئەیلول کاک عادل سەنگەری خەباتی چۆڵنەکرد و بەدوای سەرلەنوێ دروستکردنەوەی شۆڕش و مقاومەدا دەگەڕا بۆ ئەمەش هەر زوو رۆشتە سوریا و دواتریش بەپیری بانگەوازەکەی ئەوکاتی سەرۆک مام جەلال-ەوە چوو کە لەگەڵ ژمارەیەک لە هەڤاڵەکانی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان دامەزراند و دوای ساڵێکیش لە دامەزراندنی یەکێتی بە هەماهەنگی لەگەڵ هەڤاڵانی ناوخۆ شۆڕشی نوێی گەلەکەمان راگەیەندرا".

"کاک عادل زیاتر لە نیو سەدە، ئازایانە و بێ دابڕان درێژەی بە خەبات داوە و رۆڵی دیار و بەرچاوی هەبووە، بەتایبەتیش لە بواری پەیوەندییەکان و کاری راگەیاندن و ئەرشیفکردن و دیپلۆماسی دا خاوەنی ئەزموونێکی زۆربوو، هەروەها کاک عادل یەکێک بوو لە کەسە نزیک و باوەڕپێکراوەکانی سەرۆک مام جەلال، لە ناوخۆی یەکێتی و لەسەر ئاستی حکومڕانی کوردستانیش خاوەنی هەڵوێست بوو دژ بە گەندەڵی و نایەکسانی، هەروەها خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانیی و نەتەوەیی بوو کە ئەمە رێزێکی زۆری بۆ پەیداکرد"، قادر عەزیز وای وت.

ئاماژەی بەوەشدا: "کاک عادل وەک چۆن لە هەڵوێستەکانیدا ئازا و بوێر بوو، ساڵانێکیش لە بەرامبەر نەخۆشییەکەی بە هەمان شێوە بوو، لە ساڵیادی کۆچی دواییشیدا سڵاو بۆ گیانی پاکی ئەو سەرکردە دڵسۆزەی گەلەکەمان و سەرجەم شەهیدانی کورد و کوردستان دەنێرین".

کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد زیانی زۆری هەبوو
لەتیف نێروەیی لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش لەسەر مەزاری هەڤاڵ عادل موراد-ەوە رایگەیاند: "کاک عادل موراد سەرکردەیەکی خاکی و بەهەڵوێست و بوێر بوو، خاوەن بڕیاری تایبەت بە خۆی بوو، کەسێکی نزیکبوو لە سەرۆک ما جەلال بۆیە ئەرکە قورسەکان بەو دەسپێردران، هەروەها خوێندنەوەی بۆ بارودۆخی کوردستان هەبوو، پێی وابوو تاکە چارەسەر ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان رووبکاتە بەغدا چارەسەر لەوێیە، ئەوکات هەندێک تۆمەت خرایە پاڵ هەڤاڵ عادل موراد، بەڵام دوای تێپەڕینی 10 ساڵ کوردستان بە ناچاری رووی کردە بەغدا".

"کۆچی دوایی هەڤاڵ عادل موراد زیانێکی زۆری هەبوو، چونکە ئەو پلان و بەرنامە و ئیرادەی هەبوو، هەروەها هەوڵێکی زۆریدا بۆ تەبایی و یەکڕیزی ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، پەیوەندییەکی فراوانیشی لەگەڵ هێز و لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و عیراق هەبوو، مانەوەی هەڤاڵ عادل موراد گرنگ بوو بۆ یەکێتی"، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی وادەڵێت.

هەڤاڵ عادل موراد لە رۆژی 11ـی 12ـی 1949 لەدایکبووە، یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەروەها لە رۆژی 18ـی 5ـی 2024 بەهۆی نەخۆشییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد و ئەمڕۆش شەش ساڵ بەسەر ئەو کۆچەدا تێدەپەڕێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP