قوباد تاڵەبانی لەگەڵ وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی ئوردن کۆبووەوە

کوردستان
18:37 - 2024-05-06

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازیکرد لە وەفدێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانکۆکانی ئوردن بە سەرۆکایەتیی دکتۆر مەئمون ئەلدوبعی و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئاکادیمییەکانی نێوان هەردوولا تاوتوێ کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە ڕۆژی دووشەمە، 6ی ئایاری 2024 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەکە لە ئارام محەمەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێم و فوئاد ئەلمەجالی کونسوڵی گشتیی ئوردن لە هەرێم ئامادەی بوون، باس لە پەیوەندیی مێژویی نێوان ئوردن و کوردستان کرا و رۆڵی سەرۆک مام جەلال وەک دروستکەری ئەو پەیوەندییە مێژووییە بەرز نرخێندرا و جەخت کرایەوە لەسەر کارکردنی هاوبەش بۆ بەهێزکردنی زیاتری  پەیوەندییەکان لە بواره جیاوازەکاندا.

لە بەشێکی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی ئەنجامدانی دیداری خوێندنی باڵای ئوردن _ کوردستانی کرد و ئاماژەی بە گرنگیی دیدارەکەدا لە پتەوکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان هەردوو وڵات. 
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەفدی میوان ئامادەیی وڵاتەکەیان دەربڕی بۆ هاوکاری هەرێم لە بواری گەشەپێدان بە کەرتی خوێندنی باڵادا. هەردوولاش هاوڕابوون لەسەر گرنگیی واژۆکردنی پەیماننامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان زانکۆکانی هەرێم و ئوردن بە مەبەستی ئاڵوگۆری ئەزمون و پسپۆڕی و بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی، بەتایبەتیش لە بوارەکانی تەندروستی و گەشتوگوزار و ژینگە.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوەکرد کە پێویستە زانکۆکان رۆڵی زیاتر ببینن لە گەشەپێدانی هەرێم و لەگەڵ پێویستی بازاردا زیاتر خۆیان بگونجێنن. وتیشی: لە کوردستان توانای مرۆیی زۆر باش هەیە، بەڵام نەتوانراوە وەک پێویست ئەو توانا مرۆییە رێکبخرێت و لەگەڵ پێویستییەکانی بازاڕدا بگونجێنرێت، هەربۆیە پێویستە زانکۆکان لەم بوارەدا زیاتر خۆیان پێش بخەن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP