هه‌رێم داوای دامه‌زراندنی 11 هه‌زار ده‌رچووی زانكۆكان له‌ به‌غدا ده‌كات

کوردستان
18:57 - 2024-05-13



وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای لە سەرجەم زانكۆکان كردووە كە لەماوەی پێنج رۆژدا زانیاری تەواویان لەسەر سێ یەكەمەكانیان بۆبنێرن، بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمیش دەڵێت: "ناوەكان لە هەرێمەوە رەوانەی بەغدا دەكرێت بە مەبەستی دامەزراندنیان كە نزیكەی 11 هەزار دەرچووی 6 ساڵی رابردوون".

نزیكەی 11 هەزار خوێندكاری یەكەم لەزانكۆکاندا هەن
د. توانا نەجەف محەمەدخان بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان بە وێبسایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "گشتاندنێكمان بۆ زانكۆکان كردووە بۆئەوەی لەماوەی پێنج رۆژدا زانیارییەكانمان بۆبنێرن لەسەر یەكەمەكان لە ساڵی 2017-2018 تا ساڵی 2022-2023، بۆئەوەی بزانین چەند پارەمان پێویستە ساڵانە، دواتر بینێرین بۆ وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم، دواتر بۆ وەزارەتی دارایی عیراق".

"بە نزیكەیی 10 بۆ 11 هەزار دەرچووی یەكەممان هەیە لە زانكۆکانی هەرێم، پێشتریش هەندێك لە دەرچووە یەكەمەكان لە ناوچە جێناكۆكەكان دامەزراون، هەروەها نزیكەی 2500 خوێندكاری بەشە پزیشكییەكان لە لایەن بەغداوە دامەزراون كە ئەوانیش لە ناوچە جێناكۆكەكانن"، د. توانا نەجەف وای وت.

لە رابردوودا نزیكەی سێ هەزار دەرچووی یەكەم دامەزراون
بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی لە وەزارەتی خوێندنی باڵای حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا: "ساڵانی رابردوو بە هەوڵەكانی د. ئارام محەمەد قادر وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، توانرا سێ یەكەمەكانی ساڵانی 2015-2016 و 2016-2017 دابمەزرێنین، كە ژمارەیان 2842 دەرچوو بووە".

سەبارەت بە وانەبێژەكان، د. توانا نەجەف رایگەیاند: "نزیكەی 1900 وانەبێژمان هەیە لە زانكۆکاندا و ناوەكانمان ناردوە بۆ بەغدا، هەروەها پێویستمان بە نزیكەی 1 ملیار و 200 ملیۆن دینار هەیە تا بكرێنە گرێبەست".

PUKMEDIA ئاماژه‌ بۆئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ بەپێی زانیارییەکان:"ئەگەر حکومەتی عیراق بڕیار لە دامەزراندنی دەرچووە یەکەمەکان لەسەر ئاستی زانکۆکان بدات، سەرجەم دامەزراوەکان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دادەمەزرێن کە دابەشدەکرێن بەسەر زانکۆکاندا کە ژمارەیان 20 زانکۆی حکومییە."

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP