قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لەسەردانێکدا بۆ گوندی هەرمۆتە لەسنوری کۆیە لەبارودۆخی ژیان و گوزەرانی خوشک و برا مەسیحیەکانی پرسییەوە.
لەمیانی سەردانەکەی رۆژی چوارشەممە 15ی ئایاری 2024 دا بۆ سنوری کۆیە، جێگری سەرۆک وەزیران، رایگەیاند: بەپێویستم زانی خۆم بێمە خزمەتتان، دڵنیاتان ئەکەمەوە کەهەمیشە لەدڵەوە نزیکی ئێوەبووم، چونکە دەزانم ئێوەی خزمان چەند خۆشەویست بوون لای خوالێخۆشبوو جەنابی مام جەلال و دەشزانن کەچەند تایبەتمەندی دابووە خوشک و برایانی مەسیحی و هەرمۆتە، بۆیە ئەم دەرفەتە ئەدەین بەخۆمان کە (کۆیایەتی و خۆیایەتی)ش بکەین.
قوباد تاڵەبانی، ئاماژەی بەوەشکرد کۆیە و مێژووەکەشی هەمیشە ناسراو بووە بەو جوانییەی کەلێرە دەیبینم لەپێکەوەژیانی ئاشتیانە، هیوادارم ئەو نمونە جوانەی کەئێوە توانیوتانە پەیڕەوی بکەن نمونەیەک بێت بۆ هەموو کوردستان و عێراق.
جێگری سەرۆک وەزیران، بەخوشک و برایانی مەسیحی راگەیاند: هاتووم تا لەنزیکەوە گوێبیستان بم، تا بزانین چۆن زیاتر هاوکارتان بین و خزمەتتان بکەین و هەندێ لەو ئاستەنگانەی هەتانە چارەسەری بکەین.
کۆبوونەوەی جێگری سەرۆک وەزیران و خوشک و برایانی مەسیحی هەرمۆتە بەگفتوگۆی چڕوپڕی هەمەلایەنە کۆتایی هات.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP