قوباد تاڵەبانی لەگەڵ باڵیۆزی هیندستان کۆبووەوە

کوردستان
19:24 - 2024-06-04

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران پێشوازی کرد لە پراشانت پایس، باڵیۆزی هیندستان لە عێراق و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی بە‌هێزکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان هەردوولا و پەرەپێدانی تواناکانی گەنجانی داهێنەر لە بواری تەکنەلۆژیا و کارسازیدا تاوتوێ کرا.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی سێ شەمە (٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٤) بە ئامادەبوونی دابان شەدەڵە، جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم بەڕێوەچوو، جێگری سەرۆک وەزیران سوپاسی باڵیۆزی هیندستان و حکومەتی ئەو وڵاتەی کرد کە رۆڵی گرنگیان بینی لە سەرکەوتنی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی داهێنان لە سلێمانی و داوایکرد لە ساڵانی داهاتووشدا ئەم هاوکارییانە بەردەوامیان هەبێت.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بە رۆئیای خۆی و پلانی حکومەتی هەرێم دا بۆ پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجانی داهێنەر لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و کارسازیدا و روونی کردەوە کە لە کوردستان ژمارەیەکی بەرچاو لە گەنجانی بە توانا و داهێنەر هەن کە خواستیان هەیە لەڕێگەی داهێنانەوە بەشداربن لە پرۆسەی گەشەپێدان و پێشخستنی هەرێمی کوردستان.
 لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆک وەزیران داوای کرد هیندستان بەوپێیەی وڵاتێکی پێشەنگە لە بوارەکانی تەکنەلۆژیا و داهێناندا، هاوکاری هەرێمی کوردستان بکات لە پەرەپێدان بە تواناکانی گەنجان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەهێزکردنی پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی کوردستان و وڵاتی هیندستان کرا، قوباد تاڵەبانی سوپاسی حکومەتی هیندستانی کرد کە لە ماوەی رابردوو ٥٠ زەمالەی خوێندنی لە قۆناغەکانی ماستەر و دکتۆرا بۆ خوێندکارانی هەرێم دابین کردوە و هیواشی خواست لە ساڵانی داهاتووشدا ژمارەیەکی زیاتری خوێندکاری کورد لە زانکۆکانی ئەو وڵاتەدا وەربگیرێن.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP