بۆ تاوتویی مووچەی هێزە ئەمنییەکان وەفدێکی دیوانی چاودێریی دارایی عیراق دێتە هەرێمی كوردستان

ئابوری
20:29 - 2024-06-07

بۆ تاوتوێكردنی وردبینیی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ و هێزە سەربازی و ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان، وەفدێکی دیوانی چاودێریی دارایی عیراق دێتە هەرێمی كوردستان.
لەوبارەیەوە محەممەد زراری، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند" سبەی یان دووسبەی لەگەڵ وەفدەکەی دیوانی چاودێری دارایی عیراق بۆ وردبینیكردنی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵ و هێزە سەربازییەكانی هەرێمی كوردستان كۆدەبینەوە.
سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش داوای لەو وەزارەتانە كردووە، هەماهەنگی تەواو بكەن و ئاسانكاریی پێویست بۆ تیمەكانی وردبینی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان و فیدراڵ بكەن، لەكاتی سەردانیكردنیان بۆ وردبینی بابەتەكە.
هاوکات دیوانی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران بە نووسراوێکی رەسمی داوای لە وەزارەتەكانی پێشمەرگە و ناوخۆ کردووە، لیستی مووچەی مانگی ئایاری هێزەكانیان بەناوی سیانییەوە ئامادەبكەن بۆ ناردنی بۆ دیوانی چاودێریی دارایی و وەزارەتی دارایی.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP