وەک کاردانەوە لەبەرامبەر هێرشەکان کۆڵۆمبیا هەناردەی خەڵوزی بەردینی بۆ ئیسرائیل راگرت

ئابوری
12:10 - 2024-06-09

گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند: لە کاردانەوەی شەڕی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە، وڵاتەکەی هەناردەکردنی خەڵوزی بەردین بۆ ئیسرائیل رادەگرێت.
پیترۆ لە تۆری ئێکس نووسیویەتی، "هەناردەکردنی خەڵوز بۆ ئیسرائیل رادەگرین تاوەکو ئەوکاتەی کۆتایی بە کۆمەڵکوژی لە غەززە دەهێنن".
ئەوەش پاش ئەوە دێت، سەرۆکی کۆڵۆمبیا، لە مانگی ئایاری رابردوودا پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان وڵاتەکەی و ئیسرائیلی راگەیاندو حکومەتی بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلی بە ئەنجامدەری "جینۆساید" دژ بە فەڵەستینییەکان تۆمەتبار کرد. جگە لەوەش کڕینی چەکی لە ئیسرائیل کۆتایی پێهێنا، لەکاتێکدا کە ئیسرائیل یەکێکە لە دیارترین سەرچاوەکانی چەک بۆ هێزە ئەمنییەکانی کۆڵۆمبیا.
حکومەتی کۆڵۆمبیا رایگەیاندووە، لە نێوان مانگی کانوونی یەکەم و تاوەکو مانگی ئابی 2023، بە بەهای 375 ملیۆن دۆلار کاڵای هەناردەی ئیسرائیل کردووە، لەبەرامبەردا خەڵوزی بەردینی بۆ ئەو وڵاتە ناردووە، جەختی لەوەکردووەتەوە کە خەڵوزی بەردین سەرچاوەیەکی ستراتیجییە لە دروستکردنی چەک و پێداویستییە سەربازییەکانی دیکەدا.


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP