بە بۆنەی ١٥٥ ساڵەی جەژنی رۆژنامەگەریی عێراقەوە ئاسۆ مامەند سەرپەرشتیاری کەرکوک – سەڵاحەدینی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکى پیرۆزبایى ئاڕاستەى سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی عێراق - لقی کەرکوک دەکات و ڕایدەگەیەنێت کە یەکێتی نیشتمانی درێغیی ناکات بۆ بەرگریکردن لە تەواوی مافی ڕۆژنامەنووسان بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە.
دەقى پەیامەکە :
بەناوی خۆم و بەناوی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی و جوانترین چەپکە گوڵی رێزتان پێشکەش دەکەین، بە بۆنەی ١٥٥ ساڵەی جەژنی رۆژنامەگەریی عێراقەوە .
لەکاتێکدا کە هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانتان، پاڵپشتی و پشتیوانی خۆمان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بۆ ڕۆژنامەگەری و ئازادیی کاری ڕۆژنامەوانی لە تەواوی عێراق دووپاتدەکەینەوە، هەروەها ئامانجە بەرز و باڵاکانی رۆژنامەگەری نیشتمانیی ئازاد و ئامانجدار بەرز دەنرخێنین، لەپێناوی قوڵکردنەوەی پرەنسیبەکانی پێکەوە ژیانی هاوبەشی برایانە لە نێوان پێکهاتە و لایەنە جیاوازەکان بە مەبەستی بەر قەرارکردنی ئاسایش و ئۆقرەیی و هاوسەنگی .
لە کاتێکدا پیرۆزبایی ئەم بۆنە پیرۆزەتان لێدەکەین، ناتوانین پاڵپشتیی و پشتیوانییەکانی سەرۆکی کۆچکردووی گەلەکەمان سەرۆک مام جەلال بۆ کاری ڕۆژنامەوانی وەبیر نەهێنینەوە، بەتایبەتی کە خۆی، ئەندامی یەکەمین سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی عێراق بووە، هەروەها جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە یەکێتی نیشتمانی درێغیی ناکات بۆ بەرگریکردن لە تەواوی مافی ڕۆژنامەنووسان بە هەموو ڕەنگە جیاوازەکانیانەوە، هەروەها هەوڵەکانی لقی کەرکوکی سەندیکای رۆژنامەنووسان بەرز هەڵدەسەنگێنین کە خزمەتکردنی رۆژنامەنووسانی لەسەرجەم رەنگ و لایەنەکان کردوەتە بنەمای کاری خۆی.
Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP