وتەبێژی یەکێتی: نە یەکێتی بەهێندەی ئەمڕۆ ئامادە و بەهێز بووە، نە نەیارەکانیشی هێندەی ئێستا شڵـەژاو بوون

کوردستان
20:18 - 2024-07-09

 سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەئامادەبوونی ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی هەریەک لەهەڤاڵان فەیسەڵ کەریم خان و لوقمان وەردی لێپرسراوی مەڵبەندی ٢٤ی رێکخستنی راپەڕین بەڕێزان سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و ژمارەیەک لەپەرلەمانتارو فەرماندەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، رۆژی سێشەممە ٩ی تەمموزی ٢٠٢٤ لەکۆڕێکدا بەناونیشانی (یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەدوای کۆنگرەی پێنج) وێڕای هەڵوەستە کردن لەسەر قۆناغ و شێوازە جیاکانی خەباتی نەپساوەو یەک پشووی یەکێتی، رایگەیاند: دەمێک ساڵە نە یەکێتی بەهێندەی ئەمڕۆ ئامادەو یەکگرتوو و بەهێز بووە، نە نەیارەکانیشی بەهێندەی ئێستا شڵەژاوو لاواز بوون.

پیرە، لەدرێژەی باس و بابەتەکانی کۆڕەکەیدا کە لەلایەن بەشی گەشە پێدانی بیرو هۆشیاری مەڵبەندی ٢٤ی رێکخستنی راپەڕین بە بەشداری هەڤاڵان ئەندامانی ئەنجومەنی مەڵبەندو لێپرسراوو ستافی کارگێڕی کۆمیتەکانی سنورەکەو بەشێکی زۆر لەئەندامانی تیمی یەکێتی لەحکومەتی خۆجێی راپەڕین رێکخرابوو و لەهۆڵی چالاکییەکانی مەڵبەند بەڕێوەچوو، وتی: کۆنگرەی پێنجەمی یەکێتی، کۆنگرەی یەکخستنەوەی توانستەکان و بەهێز کردنەوەی یەکێتی بوو.

وتیشی: پرسە گرنگەکانی وەک گەنجان، ژنان و مەسەلەی بوژاندنەوەی ژیان و گوزەرانی خەڵک و پەرەپێدانی زیاتری خزمەتگوزارییەکان، لەگەڵیاندا پێداگریەکان لەسەر راستکردنەوەی رێڕەوی حکومڕانی هەرێمی کوردستان، لەراسپاردە جەوهەرییەکانی کۆنگرەی پێنج'ن و یەکێتی ئەم قۆناغەش وەک هەر قۆناغێک لە قۆناغەکانی رابردو بێ وڵام ناهێڵێتەوە.

وتەبێژی یەکێتی، لەبەشێکی تری باسەکەیدا رونیکردەوە: یەکێتی پشت بەست بەمێژووە درەوشاوەکەی، پاڵپشت بەئایدیاکانی سەرۆک مام جەلال و سەرجەم بڕیارو راسپاردەکانی کۆنگرەی پێنج، ئێستا لەهەر کات زیاتر باوەڕی بەپێکەوەژیان و پێکەوە کار کردنی هێزو لایەنە سیاسییەکان و قوڵکردنەوەی بنەماکانی دیموکراسی هەیە.

وتیشی: دواخستن و پەکخستنی زیاتری هەڵبژاردن لەبژاردە هەرە خراپ و دژەکانی دیموکراسی و پێکەوە ژیان و پێکەوە کارکردن و ئایندەیەکی گەشە کردو ترن.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەمەشی وت: یەکێتی لەگەڵ چارەی ئاشتیانە، یاسایی و دەستوری کێشە هەرێمایەتی و ناوخۆییەکانی نێوان هەرێم و بەغدایەو ئەم خوێندنەوەو تێگەیشتنە راست و دروستەی یەکێتی ببێت بە بنەمای کار کردن.

لەکۆتا وێستگەی کۆڕەکەیشداو لەوڵامی پرسیارو سەرنجی هەڤاڵاندا وتی؛ یەکێتی دوای کۆنگرەی پێنج وەک ئەمڕۆ ئایندەش لەدەست خۆیدا دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP