سەباح شێخ حەبیب: كۆبونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا ئیدارەی شارەکە لە چەقبەستوویی رزگارده‌کات

کوردستان
16:12 - 2024-07-10



لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عیراق، ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک یەکەمین کۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دەدات، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لە پشکی کەرکوک دەڵیت: "لە یەکەم کۆبوونەوەدا جگە لە سوێندخواردنی یاسایی ئەندامانی ئەنجومەن، بڕیارە چەند پێشنیارێک لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنەکەو دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ شارەکە تاوتوێبکرێت، کە چاوەڕوان دەکرێت ببێتە کلیلی چارەسەری کێشەکان".

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە ئیستحقاقی خۆی دەزانێت، چونکە یەکەمین دەنگی هێزە سیاسییەکان بووە لە شارەکەو هەوڵیداوە ئەنجومەنی پارێزگاکە بە رێککەوتنی سیاسی پێکبهێندرێت، کە گوزارشت لە سەرجەم لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە بکات.

یەکێتی داوای کۆبوونەوەی کردووە
سەباح شێخ حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی لە پشکی کەرکوک بە وێبسایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاندووه‌: "پێشتر چەند جارێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگەی نوێنەرەکانیەوە لە بەغدا داوای لە سەرۆک وەزیرانی عیراق کردووە کە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ئەنجام بدرێت، لە ئێستاشدا کە سەرۆک وەزیران بڕیاری داوە سبەینێ پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە ئەنجام بدرێت، ئێمەش پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین".

 سەباح شێخ حەبیب دەڵێت:" دوای نزیکەی حەوت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراق دا، لە ئێستادا تەنها ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک نەیتوانیوە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامبدات و پارێزگارێک بۆ شارەکە دیاریبکات، ئاواتەخوازین ئەم کۆبوونەوەیە کلیلی کردنەوەی کێشەکان بێت و ئیدارەی شارەکە لەو چەقبەستووییە رزگاربکات".

راشیگەیاندووه‌: "چاوەڕوان دەکرێت لە کۆبوونەوەی سبەینێی ئەنجومەنی پارێزگاکەدا جگە لە سوێندخواردنی ئەندامانی ئەنجومەن، چەند پێشنیارێک لەبارەی پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکەو دەستنیشانکردنی پارێزگاری شارەکە تاوتوێ بکرێت".

ئیدارەی کەرکوک پێکدەهێندرێت
ئەمەش لەکاتێکدایە نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عیراق لە راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ڵێت:" لەسەر بڕیاری سەرۆک وەزیران، رۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندام ئەنجام دەدرێت".

 PUKMEDIA  ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكردووه‌ كه‌ بەپێی زانیارییەکان، لەو ئه‌ندامانەی كه‌ تائێستا سوێندی یاساییان خواردووە، پەروین فاتیح کە لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە بەتەمەنترین ئەندامەو سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات، هەرچەندە چاوەڕوان دەکرێت راکان جبوری کە تائێستا سوێندی یاسایی نەخواردووە، ئەگەر سوێندی یاسایی بخوات دەبێت بە تەمەنترین ئەندام و سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.

"لە راگەیەندراوەکەی نوسینگەی سەرۆک وەزیراندا ئاماژە ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕو: "لەئەنجامی گفتوگۆی نێوان لایەنەکان، سەرۆک وەزیران بڕیاری ئەنجامدانی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی داوەو لایەنەکان هاوڕابوون لەسەر پێکھێنانی ئیدارەی کەرکوک".

یەکێتی 5 کورسی پارێزگای کەرکوکی بەدەستهێناوە
دوای 18 ساڵ رۆژی 18ی 12ی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لە چوارچێوەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عیراقدا بەڕێوەچوو کە 15 پارێزگای لەخۆگرتبوو، لەئێستاشدا تەنها پارێزگای کەرکوک ماوە کە ئەنجومەنەکە کارابکرێت و کەسێکیش بۆ پۆستی پارێزگاری شارەکە دەستنیشان بکرێت کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەپێی ئیستحقاقی هەڵبژاردن بە مافی خۆی دەزانێت پۆستی پارێزگاری شارەکە وەربگرێت.

هاوپەیمانی کەرکوک هێز و ئیرادەمانە کە لەنێوان یەکێتی و شیوعی بوو، لە کەرکوک زۆرترین دەنگی لەسەر ئاستی پارێزگاکە بەدەست هێناوەو هێزی یەکەمی هەموو پێکهاتەکانە و خاوەنی 157 هەزار و 639 دەنگە، کە دەکاتە 43٪ دەنگەکانی ئەو پارێزگایەو 5 کورسی بەدەستهێناوە‍‍.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP