له‌ سنووری هه‌ولێرو دهۆك رێگریی له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌زاران ئاواره‌ ده‌كرێت

کوردستان
16:22 - 2024-07-10



کۆتا کاروانی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان، به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لە وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراقیش دەڵێت: "سبەینێ سەرجەم کەمپەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دادەخرێن و هیچ ئاوارەیەک لە سلێمانی نامێنێت".

کۆتا کاروانی ئاوارەکانی سنووری سلێمانی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان
سامر مه‌شكور به‌ڕ‌ێوه‌به‌ری به‌شی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان لە وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاندووه‌: "بە ئامادەبوونی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عیراق، سبەینی پێنجشەممە کۆتا کاروانی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان و بەمەش سەرجەم ئەو کەمپانەی کە لە سنووری پارێزگاکەبوون دادەخرێن".

"لەئێستادا تەنها 64 خێزان لە کەمپی ئاشتی/عەربەت لە سنووری پارێزگای سلێمانی ماونەتەوە و سەرجەم رێکارە یاساییەکان بۆ گەڕانەوەیان ئەنجامدراوە و سبەینێ لەچوارچێوەی پلانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق لەبارەی گەڕانەوەی ئاوارەکان، ئەو خێزانانەش کەمپ جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان"، سامر مەشکور وادەڵێت.

ئاماژەی بۆئەوەشكردووه‌: "بەهۆی هاتنی داعش و نائارامی ناوچەکانیان، ژمارەیەکی زۆر خێزانی ئاوارە کە دانیشتووی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عیراق بوون لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی نیشتەجێبوون و بە گەڕانەوەی ئەو 64 خێزانە، کۆتایی بە گەڕانەوەی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەهێندرێت".

24 هەزار و 350 خێزان لە هەولێر و دهۆک ماون
بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA هەتا ئێستا لە پارێزگای دهۆک 19 هەزار و 600 خێزانی ئاوارە و لە پارێزگای هەولێریش 4 هەزار و 750 خێزانی ئاوارە لە کەمپەکان ماونەتەوە و رێگری لە گەڕانەوەیان دەکرێت.

لەو بارەیەشەوە سامر مه‌شكور دەڵیت: "لەپارێزگای هەولێرو دهۆک رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت و تەنانەت ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکانی حکومەتی هەرێم رێگە نادات لەو دوو پارێزگایە تیمی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عیراق بچنە کەمپەکان و کارئاسانییان بۆ بکەن بەمەبەستی گەڕانەوەیان، ئەوە جگە لەوەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە رێگری لەگەڕانەوەی ئاوارەکان دەکرێت".

ئەوەشی خستەروو: "لەکۆی پێنج هەزار خێزانی ئاوارە لە سنوری کەمپەکانی پارێزگای هەولێر، هەتا ئێستا تەنها 250 خێزان گەڕاونەتەوەو رێگری دەکرێت لەگەڕانەوەی چوار هەزار و 750 خێزان، لەپارێزگای دهۆکیش لەکۆی 22 هەزار خێزانی ئاوارە هەتا ئێستا تەنها دوو هەزار و 400 خێزان گەڕاونەتەوە و هەتا ئێستا 19 هەزار و 600 خێزانی ئاوارە لەو پارێزگایە ماونەتەوە".

30ـی 7ـی 2024 کۆتا وادەیە
ژمارەی کەمپی ئاوەرەکان لە هەرێمی کوردستان 26 کەمپە و 16 کەمپیان لە دهۆکە و شەش کەمپیان لە هەولێرە و چوار کەمپیان لە سلێمانییە.

وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عیراقیش پلانێكی گشتگیری بۆ كۆتاییهێنان بە پرسی ئاوارەكان داڕشتووە و پێویستە تا کۆتایی مانگی تەمموزی ئەمساڵ سەرجەم ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان، وەک هاندانێک بۆ گەڕانەوەشیان، جگە لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکانیان و دابینکردنی تێچووی گەڕانەوەیان بڕی 4 ملیۆن دینار و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە بۆ هەر خێزانێک دابیندەکات، هەروەها هەر خێزانێکی ئاوارە لە دوای 30ـی تەممووزەوە بگەڕێتەوە زێدی خۆی، لە پێدانی هاوکارییەکان بێبەش دەبێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP