سه‌رۆك بافڵ: باشترین بژارده‌ له‌گه‌ڵ توركیاو وڵاتانی دراوسێ رێگه‌ی دیپلۆماسییە

کوردستان
15:51 - 2024-07-15


سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگه‌یاند: "ھه‌ڵبژاردن بۆ ھه‌رێمی كوردستان زۆر گرنگه‌ و ده‌توانێت وه‌ڵامی ویستی خه‌ڵك بۆ گۆڕ‌‌انكاری بداته‌وه‌"، هاوكات له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران سه‌رۆك بافڵ ده‌ڵێت:"باشترین چاره‌سه‌ریش له‌گه‌ڵ توركیاو وڵاتانی دراوسێ رێگه‌ی دیپلۆماسیی و لێكتێگه‌یشتن و گفتوگۆیه‌".

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی له‌چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ پێگه‌ی "زه‌ ناشناڵ"ی ئیماراتی كه‌ ھه‌فته‌ی ر‌‌ابردوو له‌ له‌نده‌ن ئه‌نجامدراوه‌، تیشكی خسته‌سه‌ر پرسێكی گرنگی هه‌رێمی كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌و له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانیشه‌وه‌ رایگه‌یاندوه‌: "ھه‌ڵبژاردن ده‌بێته‌ ھۆی به‌دیھێنانی سه‌قامگیریی و ده‌رفه‌تێك ده‌بێت بۆ ده‌رخستنی توانای گه‌نجانمان، هاوكات ده‌توانێت وه‌ڵامدەرەوەی ویستی خه‌ڵك بێت بۆ گۆڕ‌‌انكاری".

سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی نموونه‌یی میهره‌بانی بوو
ده‌یمیه‌ن ماكلرۆی سه‌رۆكی نوسینگه‌ی رۆژنامه‌ی زه‌ ناشناڵ له‌ له‌نده‌ن له‌چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا وه‌ك وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆك بافڵ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌كات: "سه‌رۆك جه‌لال تاڵه‌بانی نموونه‌یی میهره‌بانی بوو، له‌بیرمه‌ جارێك هاوكارم بوو كاتێك له‌سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حسێن دا من له‌تاران بووم و ئه‌و هاوكاریی كردم، له‌م تێڕوانینه‌شه‌وه‌ خۆشحاڵم ئێستا له‌گه‌ڵ كوڕه‌كه‌ی گفتوگۆ ده‌كه‌م كه‌ میراتگری تاڵه‌بانییه‌و سه‌رۆكی حزبه‌كه‌ی باوكییه‌تی، پێم باشه‌ به‌ به‌راووردێك له‌نێوان ئیمارات و هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ ده‌ستپێبكه‌ین، چۆن له‌ئیمارات ده‌ڕوانن و چۆن ده‌توانن سوود له‌ ئه‌زموونیان وه‌ربگرن؟

دەتوانین سوود لە ئەزمونی ئیمارات وەربگرین 
له‌باره‌ی پێشكه‌وتنه‌كانی ئیمارات و خواستی گه‌لی كورد بۆ ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌، سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو: "كاتێك سه‌یری خه‌ڵكی ئیمارات ده‌كه‌ین، ده‌بینین خۆش ژیان و دڵخۆش و ئاستی ژیانیان پێشكه‌وتووه‌، ئێمه‌ش حه‌ز ده‌كه‌ین هه‌رێمه‌كه‌مان سوود له‌و ئه‌زموونه‌ وه‌ربگرێت و ئاواته‌خوازین وه‌به‌رهێنانێكی زۆری ئیماراتی له‌هه‌رێمه‌كه‌مان ببینین و به‌ به‌رده‌وامی بازرگانی و ئاڵوگۆڕ‌ی كلتووری و هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له‌گه‌ڵ ئیمارات بكه‌ین، ئه‌مه‌ش له‌پێناو ده‌سته‌به‌ری ژیانێكی شایسته‌تر بۆ خه‌ڵكه‌كه‌مان و پێشكه‌وتنی زیاتری ئابووری، هاوكات سه‌رچاوه‌ی ئێمه‌ گه‌نجه‌ كه‌ 70٪ دانیشتوانه‌كه‌مان ته‌مه‌نیان له‌ خوار 40 ساڵانه‌وه‌یه‌، كه‌ زۆرینه‌یان لانیكه‌م به‌ دوو زمان قسه‌ ده‌كه‌ن و شاره‌زای كۆمپیوته‌رن و خوێنده‌واری باشن، له‌م روانگه‌یه‌شه‌وه‌ ده‌توانین گه‌شه‌ به‌ تواناكانمان بده‌ین".

یەکێتی دەتوانێت لەئاست داواکارییەکان بێت
سەرۆک بافڵ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "یه‌كێتی ده‌توانێت له‌ ئاست ئه‌و داواكارییانه‌دا بێت بۆ گۆڕ‌انكاری كه‌ ساڵانێكه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌و ده‌كرێت رێڕ‌ه‌وێكی جیاواز بۆ به‌ڕ‌ێوه‌بردنی هه‌رێمه‌كه‌مان دابینبكات له‌چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانێتییه‌كی هه‌رێمی، چونکە پێموایه‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بێ گوێدانه‌ جیاوازییه‌ سیاسییه‌كانی هه‌موو لایه‌ك ئاماده‌ن قوربانی بده‌ن بۆ مانه‌وه‌ی هه‌رێم كه‌ به‌پێی ده‌ستووری عیراق پارێزراوه‌".

دەتوانین بەشداری خۆشگوزەرانیی و سەقامگیریی بین
له‌سه‌ر بارودۆخی هه‌رێمی كوردستانیش سه‌رۆكی یه‌كێتی وتی: "له‌م ساڵانه‌ی دواییدا هه‌رێمی كوردستان به‌ گێژاوی گه‌وره‌دا تێپه‌ڕ‌یووه‌، به‌ڵام هێشتا هه‌رێمی كوردستانی خاوه‌ن ئابورییه‌كی به‌هێزی كراوه‌یه‌و گه‌شه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی ده‌توانین به‌شداری راسته‌قینه‌ی سه‌قامگیری و خۆشگوزه‌رانی بین له‌ناوچه‌كه‌".

کۆچی گەنجانمان مەترسیدارە
له‌باره‌ی پرسی گه‌نجانیشه‌وه‌ سه‌رۆك بافڵ ده‌ڵێت: "پرسی كۆچی گه‌نجانم كردووه‌ به‌ یه‌كێك له‌ ئەولەویاتی کارەکانم و كار بۆ چاره‌سه‌ركردنی ده‌كه‌م، چونكه‌ پێموایه‌ ئه‌و لێشاوه‌ كۆچه‌ی رووده‌دات مه‌ترسیداره‌و پێویسته‌ هاووڵاتیانی هه‌رێم دڵنیاییان هه‌بێت له‌ ژیان و گوزه‌رانیان".

باشترین بژاردە رێگای دیپلۆماسییە
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی عیراق سه‌رقاڵی زیادبوونی گرژییه‌كانه‌، به‌ڵام سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ نوسه‌ر ده‌یمیه‌ن ماكلرۆی ده‌ڵێت: "هه‌ر كێشه‌یه‌ك هه‌بێت له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران ده‌توانرێت ته‌نها به‌ رێگه‌ی دیپلۆماسی چاره‌سه‌ربكرێت و جارێكی دیكه‌ متمانه‌و گفتوگۆو لێكتێگه‌یشتن و دانوستان بگه‌ڕێته‌وه‌، كه‌ ئەمەش‌ باشترین بژارده‌یه‌".

مەترسییەکان لەودیو سنورەوەن 
له‌باره‌ی بوونی داعش و مه‌ترسیه‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌و ته‌نانه‌ت وڵاتانی رۆژئاوا سه‌رۆك بافڵ وتی: "مه‌ترسییه‌كان له‌ودیو سنووره‌كانه‌وه‌ن بۆمان كه‌ هه‌زاران دیلی داعش هه‌ن و ئه‌گه‌ر ئه‌و پرسه‌ به‌جدی وه‌رنه‌گیرێت، ده‌رئه‌نجامی مەترسی هەڵهاتنیان كوردستان و عیراق و ئه‌وروپاش ده‌گرێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش بابەتێکە کەپێویستە کاری جدی بۆ بکرێت و‌ نابێت به‌هه‌ل وه‌رنه‌گیرێت"

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP