شێخ جەعفەر: هیوادارم هەڵبژاردنی په‌رله‌مان بێ کێشە بەڕێوەبچێت

کوردستان
19:03 - 2024-07-24


شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند: "پڕۆسەی هەڵبژاردن بەشێوەیەكی باش و دوور لەگرفت و كێشە بەڕێوەبچێت".

ئەم وتەیەی لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتی لەمیانی پێشوازیکردنیدابوو لە وەفدێکی مەكتەبی رێكخستنی سلێمانی-هەڵەبجە-راپەڕینی پارتی دیموكراتی كوردستان، بەسەرۆكایەتی عەلی حسێن بەرپرسی مەکتەبەکە و ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی، لە رۆژی چوارشەممە 24ـی 7ـی 2024، لەبارەگای ئەنجومەن.

جەخت لە بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان کرایەوە
لەدیدارەکەدا سەرۆکی وەفدی میوان جەختی لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوە لەسەر هەموو ئاستەکان لەهەرێمی کۆردستان و عیراق بەهەمان شێوەو رێچکەی مێژوویی نێوان هەردوولا کە پێشتر سەرۆک مام جەلال کاری لەسەرکردووەو بناغەی داناوە.

هەوڵی نزیکبوونەوەی لایەنەکان بدرێت
لای خۆشیەوە جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، جەختی لەسەر باوەڕی نەگۆڕی خۆی كردەوە سەبارەت بەتەبایی و یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم و بابەتی پێكەوەكاركردن، ئاماژەشی بە گرنگیی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرد و رایگەیاند: "پرۆسەکە بەشێوەیەكی باش و دوور لەگرفت و كێشە بەڕێوەبچێت و هەمووان پێكەوە كاربكەن و هەوڵی نزیكبوونەوەی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت". وتیشی: "حوكمڕانی بەتەنیا لایەنێك ناكرێت و پێویستە یەكێتی و پارتی پێكەوە كاربكەن"


بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP