قایمقامیەتی سلێمانی بەکارهێنانی کیسەی نایلۆن بۆ خواردەمەنییە گەرمەکان قەدەغە دەکات

کوردستان
21:58 - 2024-07-25

نوێنەری فەرمانگەی کوالێتی کۆنترۆڵ لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کیسە نایلۆنانەی خواردنی گەرمیان تێدەکرێت کاریگەریی خراپی تەندروستییان هەیەو هۆکاری توشبوونن بە شێرپەنجە.
کەیوان خەلیل، نوێنەری فەرمانگەی کوالێتی کۆنترۆڵ لە لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، بڕیاری قەدەغەکردنی کیسە نایلۆنەکان بۆ ئەو بابەتانەیە کە خواردنی گەرمیان تێدەکرێت چونکە نازاندرێت چ جۆرە پۆلیمەرێک لە پێکهاتەکەیاندا هەیە.
ئەوەشی خستەڕوو، شەش جۆر ماددەی پۆلیمەرمان هەیە کە لە پێکهاتەی ئەو کیسە نایلۆنانەدایەو کاریگەریی خراپی تەندروستییان هەیەو هۆکاری توشبوونن بە شێرپەنجە، هاوکات بەرکەوتنی خواردنە گەرمەکەو کیسەکە دەبێتە هۆی ئەوەی ماددەکە تێکەڵی خواردنەکە ببێت دواتر لە گەدەدا دەمێنێتەوە و هەرس نابێت و زیان بە تەندروستی هاوڵاتییان دەگەیەنێت.
دەشڵێت، ئامانجی قەدەغەکردنی ئەو کیسە نایلۆنانە پاراستنی تەندروستی هاوڵاتییانەو ئەو شوێنانەمان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت کیسەی کاغەز بەکاربهێنن یاخود ئەو پلاستیکانەی بەکاری دەهێنن دەبێت سێگۆشەی ژمارە پێنج بێت، بەڵام بە مەرجێک لیژنەکانی قائیمقامیەت پشکنینیان بۆ بکات.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP