دوای یارى ژمارە 100 ، هالاند چاوەڕێی گۆڵى زیاترە

وەرزش
12:40 - 2024-08-19

دوای یارى ژمارە 100 ، هالاند چاوەڕێی گۆڵى زیاترە
ئاکۆ بیبانى
ئێرلینگ هالاندى نەرویجى و گۆڵکارى یانەى مانچێستەر سیتى ئینگلیزى لە تۆمارکردنى گۆڵ ناوەستێت و هەر جارەو ژمارەیەکى پێوانەیی دەنوسێتەوە ، هالاند لە یارى نێوان مانچێستەر سیتى و چێلسى بەشدارى کرد و توانى لەدەقیقەى 18 گۆڵى یەکەمى دیدارەکە بنوسێتەوە ، ئەستێرە نەویجییەکە لەو یارییەدا یارى ژمارە 100 ى بەدرێسى سیتزنەوە ئەنجامداوە . لەوەتەى هالاند پەیوەندى کردوە بە ریزەکانى یانە ئینگلیزییەکەوە مەکینەى گۆڵ تۆمارکردنى خستۆتە کار و مەترسی بۆ تیپەکانى دژ دروستکردوە ، هالاند گۆڵکار و قەناسێکى بەتوانایە و کۆنتڕۆڵکردن و چاودێری کردن لە بۆکس ئاسان نیە لە کەمترین دەرفەتدا تواناى گۆڵ تۆمارکردنى هەیە و دەتوانێت تۆڕى گۆڵى تیپى بەرامبەر بهەژێنێت .
ئێرلینگ هالاندى گۆڵکارە کە بەباڵایەکى بەرزى هەیە و خاوەن جەستەیەکى پتەوە لە ساڵى 2022 لەریزەکانى یانەى بروسیادۆرتمۆندەوە پەیوەندى کرد بە یانەى سیتى و لەو کاتەوەى درێسى ئەو یانەیەى پۆشییوە بەردەوامە لە گۆڵکردن ، تاکو ئێستا هالاند راستەوخۆ بەشدارى لە 106 گۆڵدا کردوە بەجۆرێک واژۆى لەسەر 91 گۆڵى شین پۆشەکان کردوە و 15 گۆڵیشى بۆ هاوڕێکانى دروستکردوە.
هالاند لەوەرزى یەکەم لەگەڵ مانچێستەر سیتى 2022 – 2023  ، لە 53 یاریدا 52 گۆڵى تۆمارکرد، هالاند بە تۆمارکردنى 36 گۆڵ لە پریمەرلیگ ، ریکۆدرە مێژویەکەى ئالان شیرەرو ئەندى کۆڵى تێپەڕاند کە 34 گۆڵیان لە یەک وەرزى پریمەرلیگ تۆمارکردبوو.
ئەگەر لە ژمارەکانى هالاند ووردتربینەوە دەبینین لە پریمەرلیگ 66 یارى ئەنجامداوەو 64 جار تۆڕى گۆڵى تیپەکانى هەژاندوە ، بەو گۆڵەى بەرانبەر بە چێلسى تۆماریکرد هالاند سێیەم وەرزە لەسەر یەک لە دەسپێکى خولى پریمەرلیگ تۆڕى گۆڵ دەلەرێنێتەوە .
وەرزى رابردوو هێرشبەرە نەرویجییەکە لەسەرجەم خول و پاڵەوانێتییەکان 38 گۆڵى بەخشی بە یانەکەى مانچێستەر ، بەجۆرێک 27 گۆڵ لە پریمەرلیگ و 5 گۆڵیش لە خولى یانە پاڵەوانەکانى ئەوروپا .
هالاند لە دوای پەیوەندى کردنى بە یانە ئینگلیزییەکە بە تەواوى درەوشاوەتەوە ئەوەتا لە دوو وەرزى رابردوو گۆڵکارى پرمەرلیگ بووە و خەڵاتى پێڵاوى زێرینى بردۆتەوە .
لەدرێژەى یاریکردنى لە پریمەرلیگ هالاند شەش هاتریکى کردوە تەنها یاریزانە لە نێو یاریگاى خۆیان سێ جار هاتریکى کردوە .
لە بردنەوەیەکیشدا بەرامبەر لایپزیگ، یاریزانە تەمەن ٢٣ ساڵەکە  بووە خێراترین و بچووکترین یاریزان کە تا ئێستا ٤٠ گۆڵی  لە چامپیۆنزلیگ تۆمارکردبێت، کاتێک چووەتە لیستی ٢٠ گۆڵکاری سەردەمی پاڵەوانێتییەکەدا.

هەروەها بۆ جاری دووەم لە یەک یاریدا پێنج گۆڵی تۆمارکرد لە ژیانی وەرزشی سیتی لە وەرزی 2023/24، لە بردنەوەکەی بەرامبەر لوتۆن تاون لە جامی یەکێتی ئینگلتەرا.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP