ئەمریکا و چین رێککەوتن کۆبوونەوەی سەربازیی دیکە ئەنجامبدەن

جیهان
13:34 - 2024-08-29

کۆشکی سپی رایگەیاند، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکاو وانگ یای، وەزیری دەرەوەی چین، رێککەوتوون کۆبوونەوەی زیاتری سەربازیی لەنێوان پەکین و واشنتن ئەنجامبدرێت و ئامادەکاریی بۆ ئەنجامدانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی نێوان سەرۆکی هەردوو وڵاتیش بکرێت.

راوێژکاری ئاسایشی ئەمریکا دوو رۆژە بەسەردانێکی رەسمی لە چینەو بەگوێرەی راگەیەندراوی کۆشکی سپییش، ئامانجی سەردانەکەی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان و رێگرتنە لەئەگەری دروستبوونی جەنگێکی ناوچەیی.

کۆشکی سپی روونیشیکردووەتەوە، ئامانج لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان جۆ بایدن، سەرۆکی وڵاتەکەیان و شی جین پینگ، سەرۆکی چین بۆ هێشتنەوەی پەیوەندییەکانی نێوانیانە بەکراوەیی، تاوەکو بتوانن پەیوەندیی ئاڵۆزی نێوانیان باشتربکەن.

هاوکات، رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، سولیڤان نیگەرانیی ئەمریکای بەرامبەر یارمەتیدانی رووسیا لە جەنگی ئۆکرانیاو سیاسەتی نادادوەرانەی بازرگانیی بە چینییەکان گەیاندووە.

لەبەرامبەریشدا وانگ داوای لە ئەمریکا کردووە، دەست هەڵگرێت لە درووستکردنی فشارە ئابووریی و بازرگانی و تەکنەلۆجییەکان لەسەر وڵاتەکەی و سەروەریی سیستمە سیاسییەکەی بپارێزێت.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP