به‌ڵگه‌نامه‌كانی رژێمی به‌عس چۆن باس له‌ خیانه‌تی ٣١ی ئاب ده‌كه‌ن

کوردستان
11:39 - 2024-08-31


٣١ی ئاب ئه‌و خیانه‌ته‌ مه‌زنه‌ی پارتی دژی ئه‌زموونی نوێی كوردستان و خه‌ڵك و یه‌كێتیی نیشتمانیی به‌ پشتیوانی حزبی به‌عس و تانكه‌كانی رژێمی سه‌دام ئه‌نجامیدا و سه‌دان شه‌هید و بریندار و بێسه‌روشوێنی لێكه‌وته‌وه‌، به‌ڵگه‌نامه‌كانی رژێمی به‌عس به‌شێك له‌ قێزه‌ونی ئه‌و خیانه‌ته‌ گه‌وره‌یه‌ی پارتی ئاشكرا ده‌كه‌ن.

هێزه‌كانی عیراق له‌ ناو هه‌ولێر
یه‌ك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كانی هه‌واڵگری ئه‌وكاتی رژێمی به‌عس ئاماژه‌ به‌وه‌ده‌دات كه‌ هه‌ندێ رووداوی نائاسایی له‌ ١/٩/١٩٩٦ رویداوه‌، "یه‌كه‌كانی سوپای عیراق كۆنترۆڵی رێگه‌ی شه‌ست مه‌تریان له‌ عه‌ین كاوه‌ له‌ باكووره‌وه‌ تا ناوچه‌ی سایلۆ له‌باشوور كردووه‌و هێزه‌كانی پارتی رێنوێنیان كردوون و له‌رێگه‌ی كۆیه‌ن"، ئه‌مه‌ ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ هێزه‌كانی رژێمی به‌عس هه‌ولێریان داگیركردووه‌.

دزی و تاڵانی گرتن و بردن
دۆكیۆمێنته‌كانی به‌عس له‌باره‌ی رووداوه‌كانی ناوشاری هه‌ولێر له‌ 31 ی ئاب ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌ده‌ن كه‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی سه‌ر به‌ مه‌سعود بارزانی ده‌ستیانكردووه‌ به‌ تاڵانكردنی باره‌گاكانی یه‌كێتی و دامه‌زراوه‌ ره‌سمییه‌كان و گه‌ڕ‌ه‌ك و ماڵی لایه‌نگرانی یه‌كێتی له‌ هه‌ولێر، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هیچ جۆره‌ جوڵه‌یه‌ك له‌هه‌ولێر به‌دی ناكرێت و ترس و دڵه‌ڕ‌اوكێیه‌كی زۆر له‌ شاردا بڵاوبووه‌ته‌وه‌.

دروستكردنی هێڵی به‌رگری
نوسراوه‌كانی هه‌واڵگری سوپای عیراق له‌باره‌ی خیانه‌تی گه‌وره‌ی ٣١ی ئاب ژماره‌یه‌ك نهێنی ئاشكرا ده‌كه‌ن، "به‌شێك له‌ سه‌ركرده‌كانی یه‌كێتی به‌مه‌به‌ستی به‌رگری له‌هه‌ولێر ماونه‌ته‌وه‌و به‌شێكی دیكه‌یان هێڵێكی به‌رگریان له‌ دێگه‌ڵه‌ و ده‌وروبه‌ری كۆیه‌ بۆ رێگری له‌هێرشه‌كان دروستكردووه‌"، هه‌روه‌ها باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌كانمان ئه‌ركه‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی باش ئه‌نجامداوه‌ دوای چه‌ندین ساڵ له‌مانه‌وه‌ له‌هێڵی به‌رگری.

بێ توانایی چه‌كدارانی بارزانی
یه‌كێك له‌ به‌ڵگه‌نامه‌كان كه‌ له‌ به‌ڕ‌ێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی هاتووه‌و باس له‌گروپی چه‌كداری بارزانی ده‌كات، "تائێستا كه‌ ١/٩/١٩٩٦ واته‌ رۆژێك دوای ٣١ی ئاب چالاكی گروپه‌ چه‌كداره‌كانی مه‌سعود بارزانی له‌ پاككردنه‌وه‌ی گه‌ڕ‌ه‌ك و ناوچه‌كانی هه‌ولێر له‌ئاستی پێویستدا نین سه‌ره‌ڕ‌ای هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانمان بۆ ناو هه‌ولێر، ئه‌مه‌ش لاوازی رێكخستنی ئه‌و هێزانه‌ ده‌رده‌خات كه‌ واده‌كات پلانێكی تۆكمه‌ بۆ گه‌ڕ‌انه‌وه‌ی هێزه‌كانمان بۆ جێگه‌كانی پێشویان دابنێین"، ئه‌مه‌ش ئه‌و راستییه‌ ده‌رده‌خات كه‌ ئه‌گه‌ر پێشڕ‌ه‌ویی تانكه‌كانی به‌عس نه‌بوایه‌ هه‌رگیز پارتی به‌و هێزو ناڕ‌ێكخراوه‌یه‌وه‌ نه‌یده‌توانی پێشڕ‌ه‌وی بكات.

جموجوڵی نائاسایی له‌نێوان گاردی كۆماری و گروپه‌ چه‌كداره‌كان بارزانی
له‌كاتی داگیركردنی هه‌ولێر له‌ ٣١ی ئابدا، له‌لایه‌ن هێزه‌كانی گاردی كۆماری عیراق به‌ رێنوێنی پارتی، به‌ڵگه‌نامه‌كانی به‌عس باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ جموجوڵێكی ناڕ‌ێك و نائاسایی و تێكه‌ڵییه‌ك له‌نێوان هێزه‌كانیان و گروپه‌ چه‌كداره‌كانی مه‌سعود بارزانی به‌دی ده‌كرا، دواتر ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ خه‌ریكی تاڵانی و دزی و ده‌ستدرێژین بۆسه‌ر ماڵ و خه‌ڵكی هه‌ولێر.

هه‌ڵوێستی رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان
به‌ڵگه‌نامه‌كانی ئه‌وكاتی رژێمی به‌عس كه‌ به‌نهێنی ره‌وانه‌ی سه‌روو خۆیان كراون له‌باره‌ی رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و مرۆییه‌كان ده‌ڵێن، "رێكخراوه‌كان و نوسینگه‌كانی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان فه‌رمانیان به‌ چۆڵكردنی باره‌گاو شوێنه‌كانیان كردووه‌ له‌هه‌ولێر و گواستنه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه‌كانیان بۆ شوێنی دیكه‌، هه‌روه‌ها نووسینگه‌ی ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌كاتی هێرشه‌كانی سوپای عیراق و چه‌كداره‌كانی پارتی بۆ هه‌ولێر كۆمه‌ڵێك ده‌ستدرێژ و پێشێلكارییان به‌رامبه‌ر نوسینگه‌كانی خۆیان و ئه‌و كه‌سانه‌شی له‌گه‌ڵیان كاریان كردووه‌ تۆمار كردووه‌".

جێی باسه‌، به‌ره‌به‌یانی رۆژی ٣١ی ئابی ١٩٩٦، هێزه‌كانی سوپای عیراق به‌ ناونیشانه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ به‌ڕ‌ێنوێنی هێزی پارتی هێرشێكی گشتگیریان بۆ هه‌ولێر و حكومه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان كرد، سه‌ره‌ڕ‌ای به‌رگرییه‌كی زۆر و به‌خشینی سه‌دان شه‌هید و بریندار له‌لایه‌ن هێزه‌كانی یه‌كێتییه‌وه‌، به‌ڵام له‌به‌ر نابه‌رامبه‌ریی زۆری هێزكان و خیانه‌تی گه‌وره‌ی پارتی، هێزه‌كان پاشه‌كشه‌یان كردو هه‌ولێر كه‌وته‌ ژێر زنجیری تانكه‌كانی ئه‌نجامده‌ری رژێمی ئه‌نفال و كیمیاباران به‌ڕ‌ێنوێنی پارتی.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP

بەپەلە