کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور: هەموو ونبویەک شایەنی ئەوەیە بدۆزرێتەوە

کوردستان
15:25 - 2024-08-31

کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور بەبۆنەی رۆژی جیهانی بێسەروشوێنان  30 ی ئابی 2024 داوای چارەسەری پرسی بێسەروشوێنەکان دەکات و رایدەگەیەنێت، لە عیراق بۆ خێزانانی کەسە بێ سەروشوێنەکان، سۆراخکردن بەردەوام دەبێت و هەموو ونبویەک شایەنی ئەوەیە بدۆزرێتەوە

دەقی راگەیاندراوەكە:

راگەیاندنی رۆژنامەوانی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور
30 ی ئابی 2024

وڵات: عیراق

عێراق: بۆ خێزانانی کەسە بێ سەروشوێنەکان، سۆراخکردن بەردەوام دەبێت.
هەموو ونبویەک شایەنی ئەوەیە بدۆزرێتەوە.

بەغدا، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور: بە بۆنەی رۆژی جیهانی کەسە بێسەروشوێنەکاندا، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور گرنگی یاسایی مرۆیی نێونەتەوەیی و یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ دووپات دەکاتەوە لە چارەسەرکردنی پرسی کەسە بێسەروشوێنەکان، هاوکات لە شوناسکردن و مامەڵەی شکۆمەندانەی مردووان. کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور بانگەشەی کردەی کاریگەر و هاوئاهەنگ دەکات بۆ رێگریکردن لە بێ سەروشوێنبوونی کەسەکان، رێدان بە ئەندامانی خێزانە لێکدابڕاوەکان بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی پەیوەندیەکانیان، بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکان و یەکلایی کردنەوەی چارەنوس و جێوشوێنی کەسە ونبوەکان.

لە عێراقدا، خەڵکانێکی زۆر لە قۆناغە جیاوازەکانی ناکۆکیەکاندا ونبوون و تا ئێستاش ژمارەیەکی بێ ئەندازە بێسەروشوێن ماونەتەوە. کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە ماوەی نێوان کانونی دووەم تاوەکو حوزەیرانی 2024، 618 حاڵەتی نوێی بێسەروشوێن بوونی تۆمار کرد، لە کاتێکدا کە چارەنوس و جێوشوێنی 208 کەس یەکلایی کرانەوە. هەر کەسێکی ونبوو خێزانێک بەدوای خۆیدا جێ دەهێڵێت کە لە دڵەڕاوکێدان، بەدەست مەینەتیەکانی نادڵنیایی و کاریگەریە مەزنەکانی سەر ژیانی رۆژانەیان و سەرکۆمەڵگا بەرفراوانەکە دەناڵێنن. هاوکات پێویستیی هەوڵێکی هاوئاهەنگ بۆ دۆزینەوە، بەدەستهێنانەوە، شوناسکردن و گەڕاندنەوەی روفاتە مرۆییەکانی ونبوان پرسێکی گرنگ و به‌په‌له‌یه‌. کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور داوا لە هەموو دەسەڵاتەکان دەکات کە میکانیزم و سەرچاوەکان بۆ ئەم ئەرکە پتەوبکەن، بۆ دڵنیابوون لە‌ رێزگرتن لە مردووان و بۆ دابین کردنی هەموو زانیاری و پشتگیریەک کە خێزانانی کەسە ونبوەکان پێویستیانە بۆ چارەسەرکردنی نادڵنیاییان.
ئیختیار ئەسڵانۆڤ، بەرپرسی نێردەی کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراقدا گوتی: "بێ سەروشوێنبوونی کەسێکی ئازیز بۆشاییەکی قوڵ لەدوای خۆیدا جێدەهێڵێت کە کات ناتوانێت پڕی بکاتەوە،". هەروەها وتی "مەینەتیەکان لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی دیکە دەگوازرێنەوە کاتێک خێزانەکان بەردەوامن لە گەڕان بەدوای وەڵامەکاندا. هەموو کەسێکی ونبوو گرنگە، خێزانەکانیان مافی خۆیانە بزانن ئازیزانیان چیان بەسەرهاتوە. گەڕان بەدوای وەڵامەکاندا تەنها پابەندبوونێکی یاسایی نیە بەپێی یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی- بەڵکو پێویستگەریەکی ئاکاریە. زۆر گرنگە هەموو لایەنەکان بگرە لە پێکهاتە ناوخۆییەکانەوە تا دەسەڵاتەکانی دەوڵەت یەکبگرن بۆ ئەوەی بە په‌له‌یی و هاوسۆزیه‌وه‌ چارەسەری ئەم پرسە بکەن".

هەیفا هێشتا چاوەڕوانی هاوسەرەکەیەتی کە لە ساڵی 2017وە بێ سەروشوێنبووە. ئەو وتی، "کوڕێکم هەیە تەمەنی 15 ساڵە. هەر کاتێک کوڕێکی منداڵ دەبینێت لەگەڵ باوکی بەیەکەوە بە رێگادا دەڕۆن، پێم دەڵێت، 'دایکە سەیرێکی ئه‌وانه‌ بكە، من لە باوکم بێ بەش بووم. تەنانەت گەر بگەڕێتەوە و هیچ کارێک و داهاتێکیشی نەبێت، تەنها دەمەوێت بۆ جارێکی دیکە وشەی "باوک" بڵێمەوە"

شیرین کە لە ساڵی 2014 دا کوڕە 30 ساڵانەکەی لەدەستدا، کەنازناوی "باوکە گجکەکە"ی لێنابوو بۆ خوشک و براکانی، ئەمەش لەبەر دڵە خەمخۆرەکەی و رۆحە شاد هێنەرەکەی. شیرین دەڵێت، "هەر جارێک کە ‌بیردەكەمە‌وه‌ ئەو بۆ هەمیشە نه‌ماوه‌، لە خەونەکانمدا دەردەکەوێتەوە." خۆی و کچەکەی گوڵی پەمەییان رواند وەک هێمایه‌ك بۆ هیوا و گەشبینی کە کوڕە ئازیزەکەی هێشتا لە ژیاندا ماوە.

کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پابەندە بە پشتگیری کردنی دەسەڵاتەکان لە عێراقدا لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی پرسی کەسە بێسەروشوێنەکان. لەڕێی پشتگیری تەکنیکی، راوێژی یاسایی و بەرەوپێش بردنی یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە رێبازێکی گشتگیر کە مافی دۆزینەوەی هەر کەسێکی ونبوو و مافی خێزانانیان بۆ زانینی چارەنووس و جێوشوێنیان دەپارێزێت.
لەکاتێکدا ئێمە رۆژی جیهانی کەسە بێ سەروشوێنەکان یاد دەکەینەوە، پابەندبوونمان دوپات دەکەینەوە بۆ پشتگیری کردن لە هەموو هەوڵەکان لە بەردەوام بوون لە سۆراخکردنی کەسە ونبوەکاندا چونکە هەر یەکێکیان شایەنی ئەوەن بدۆزرێنەوە.

تێبینی بۆ سەرنوسەران:
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە عێراقدا:
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور لە ساڵی 1980وە لە عێراقدا کار دەکات و چالاکیە سەرەکیەکانی بریتین لە سەردانیکردنی دەستبەسەرکراوان، گەڕاندنەوەی پەیوەندیە خێزانیەکان، هەروەها یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی کەسە بێسەروشوێنەکان و بڵاوکردنەوە و بەرەوپێشبردنی یاسای مرۆیی نێونەتەوەیی لەنێو سەرجەم کەرتەکانی کۆمەڵگەی عێراقدا. هەروەها کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور کاردەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و هاوکاری کۆمەڵگاکان ده‌كات بۆ خۆگونجاندن لەمەودای درێژخایەندا لەڕێی نۆژەنکردنەوەی وێستگەکانی پاکژکردنی ئاو، په‌مپه‌كانی ئاوی خواردنەوە، تۆڕەکانی ئاو و سیستەمی ئاودێری. هاوکات پشتگیری سەدان خێزانی زیانلێکەوتو دەکات لەڕێی پێشکەش کردنی کۆمەکی نەختینەیی بۆ یارمەتیدانیان بۆ دوبارە بەدەست هێنانەوەی بژێوی ژیانیان بە هەماهەنگیكردن له‌نزیکه‌وه‌ لەگەڵ کۆمەڵەی نیشتمانی مانگی سووری عێراقیدا.
ژمارە و راستیەکان لەماوەی ساڵی 2023دا:
تا کۆتایی ساڵی 2023 پتر لە 1,500 دۆسیەی نوێ کۆکرانەوە و وەک کەسی بێ سەروشوێن لەلایەن خێزانانیانەوە بۆ کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور راپۆرتکران. هەر لەو ماوەیەدا، چارەنووسی 361 کەسی بێ سەروشوێن یەکلایی کرانەوە کە لەلایەن کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوورەوە تۆمارکرابوون.
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پشتگیری دەسەڵاتەکان دەکات لە سۆراخکردنی ئەو کەسانەی کە لە جەنگەکانی عێراق-ئێران و عێراق-کوەیت بێ سەروشوێنبوون یان گیانیان لەدەستدا و تا ئێستاش روفاتەکانیان نەدۆزراوەتەوە و شوناس نەکراون. لە ساڵی 2023دا، لەژێر چاودێری کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور، ئەو میکانیزمەی کە خرایە بواری جێ بەجێکردنەوە توانی 111 روفاتی مرۆیی بەدەست بهێنێتەوە، کە لەلایەن عێراقەوە رادەستی ئێران کران و 13 روفاتی مرۆییش لەلایەن ئێرانەوە رادەستی عێراق کران.
بۆ دڵنیابوون لەوەی شکۆی مردووان پارێزراوە و بەرگری لێکراوە، کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پشتگیری لە دیجیتاڵکردنی زیاتر لە 45,000 تۆمار کرد، هەروەها پتر لە 1,660 گۆڕ نیشانه‌كرا وەک بەشێك لە هەوڵەکانمان لە بنکەی شەهیدانی ئەلزوبەیر لە بەسرە.
کۆمیتەی نێونەتەوەیی خاچی سوور پشتگیری ماددی و ئامۆژگاری تەکنیکی گرنگی پێشکەش کرد بە بەڕێوەبەرایەتی پزیشکی دادی لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە و بەشی گۆڕی بەکۆمەڵ لە دامەزراوەی شەهیدان، لە میانی هەوڵەکانیاندا بۆ سۆراخکردن و شوناسکردنی روفاتی کەسە ونبوەکان.
لە ساڵی 2023دا، 9,484 نامەی خاچی سوور لەنێوان ئەندامە لێکدابڕاوەکانی خێزانان ئاڵوگۆڕ کران، کە زۆربەیان لەنێوان دەستبەسەرکراوان و کەسوکارەکانیان بوون.

بابەتی لێکچو

Copyright © 2020 Kirkuk Tv All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP